Azad Mohammed Abdullah
23 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2018
دهۆک - AA
مهاباد ئیسماعیل، ئەو دایکەى بەجارێک پێنج منداڵ و هاوسەرەکەى لە دەریای ئیجەدا خنکان دەڵێت "تاکە داواکارییم لە حکوومەتى تورکیا ئەوەیە کە تەرمى چوار منداڵەکەى دیکەم بۆ بگەرێنێتەوە کە تا ئێستا لە دەریای ئیجەدا ماون".
-"بۆ ژیانێکى شایستەتر روومان لە هەندەران کرد"
مهاباد ئیسماعیل، ئەو دایکەى بە جارێک هەر پێنج منداڵ و هاوسەرەکەى لە دەستدا لە دیمانەیەکدا تەواوى چیڕۆکى لە دەستدانى هاوسەر و منداڵەکانى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "لە هەرێمى کوردستان ژیانمان وەک پێویست نەبوو، پیاوەکەم (عیسا عەبدولڕەحمان) بەردەوام ئەوەى بە گوێمدا دەچرپاند کە بۆ وڵاتێکى دیکە سەرهەڵبگرین و ژیانێکى شایستەتر بۆ خانەوادەکەمان فەراهەم بکەین، دواجار بڕیارماندا پێکەوە کۆچ بکەین، دۆخى داراییشمان لە ئاست گەشتێکى یاسایی نەبوو، بە ناچارى رێگاى کۆچکردنى نایاساییمان گرتەبەر، روومان لە تورکیا کرد و خۆم و هاوسەر و پێنج منداڵەکەم بۆ ماوەى پێنج رۆژ لە ئیستانبوڵ بەو پەڕى دڵخۆشى ئارامى ماینەوە و جلوبەرگمان بۆ منداڵەکانمان کڕى، خەیاڵمان ئاسوودە بوو".
- "قاچاخچییەکان فێڵیان لێکردین"
دایکى ئەو پێنج منداڵە باس لە ساتەکاتى پێش رووداوەکە و فێڵى قاچاخچییەکان دەکات و دەڵێت: "رۆژى دووشەممە، ئێوارەى رۆژى پێنجەم بوو، لە ئیستانبوڵ قاچاخچییەک هات سەرجەم کۆچبەرەکانى کۆکردەوە و بە ئێمەى گوت کە یەختەکەى ئەو باشترین یەختە و بەڵێنى بە ئێمەدا کە خۆى لەگەڵمان بێت، ئێمەیش بەو بەڵێن و قسە بریقەدارانەى هەڵخەڵەتاین و بڕیارماندا لە یەختەکەى ئەو سەرکەوین بەرەو یۆنان، پێش ئەوەى بەڕێبکەوین، کاتژمێر حەوتى ئێوارە چەند قاچاخچییەک ئێمەیان خستە ژوورێکى تاریکەوە و داوایانکرد موبایلەکانمان بکوژێنینەوە، تا کاتژمێر هەشت و ٣٠ خوولەک لەو ژوورە تاریکە بەبێ دەنگی ماینەوە. دواتر لە یەختەکە سەرکەوتین و ئەو قاچاخچییەى بەڵێنى بە ئێمەدا خۆى لەگەڵمان بێت، ئێمەى رادەستى قاچاخچییەکى دیکە کرد، لەگەڵ رۆیشتنمان بەرەو دەریای ئیجە دەرکەوت یەختەکە کونە و ئاوێکى زۆر هاتە نێو یەختەکەمان و بزوێنەرەکەیشى لەکارکەوتوو بوو، سەرەڕاى خراپى یەختەکەمان شەپۆلەکانى دەریا تەنگى پێهەڵچنین، گریانى ئافرەتان و منداڵان تێکەڵ یەکترببوون و پیاوەکەم چەندین جار پەیوەندى بە قاچاخچییەکان کرد وەڵامیان نەداینەوە. یەختەکەمان نزیکەى ٣٥ خوولەک لە نێو شەپۆلە بەهێزەکانى دەریای ئیجەدا مایەوە".
- "کە بەهۆش خۆم هاتمەوە، بینیم کوڕە گەورەکەم لە کەنار دەریا لەسەر دەستم گیانى سپاردووە"
مهاباد ئیسماعیل لە بەردەوامى گێڕانەوەى چیڕۆکە ئازار بەخشەکەى دەڵێت: "ئەو یەختەى کە ئێمەى تێدابووین کەوتە نێوان دوو شەپۆلى دژەیەکى دەریاى ئیجە، لە ئەنجامدا یەختەکەمان بە سەرجەم سەرنشینەوە کە ٢١ کەس بووین، لەوانە چوار ئەفغانى و دوو عەرەب بوون و ١٥ى دیکە کوردى هەرێمى کوردستان بووین و زۆربەمان دانیشتووى زاخۆ و ژمارەیەکیش دانیشتووى دهۆک بوون. هەموومان پێکەوە ژێر ئاو کەوتین، هیچ لەبارەى رزگاربوونى خۆم نازانم، تەنها خوا دەزانێت کە چۆن رزگارى کردووم. کاتێک بەهۆش خۆم هاتمەوە بینیم کوڕە گەورەکەم بەناوى عەبدوڵڵا لە کەنارى دەریای ئیجە لەسەر دەستم خنکاوە، هاوسەرەکەم لە تەنیشتمەوە هێشتا گیانى دەرنەچووبوو، زۆر بانگیم کرد وەڵامى نەدامەوە، دواى رۆژێک لە نەخۆشخانە تەرمەکەیم بینى، لەو رۆژەوە تا ئێستا حەسرەت و ناڵە رووى تێکردووم و بەدیار چاوەڕوانى گەڕانەوەى تەرمى چوار منداڵەکەى دیکەم دانیشتووم".
تاکە یادگارى ئەو دایکە، وێنەى منداڵەکان و هاوسەرەکەیەتى وێنەى هەنارى نۆ ساڵان و یونسى هەشت ساڵان و یوسفى حەوت ساڵان و مریەمى پێنج ساڵانى بەدەستەوەیە و داوا لە حکوومەتى تورکیا و هەرێمى کوردستان دەکات تەرمى ئەو چوار منداڵەیان بۆ بگەڕێننەوە کە تا ئێستا لە دەریای ئیجە بێ سەروشوێنن و، وێنەى هاوسەرەکەى عیسا عەبدولڕەحمانى تەمەن ٣٥ ساڵ و عەبدوڵڵاى کوڕە گەورەکەى کە تەمەنى ١٢ ساڵانە لەبەردەمى داناوە و دەڵێت: "تەرمى ئەو دوانەم بۆ گەڕاوەتەوە و هەموو داواکارییەکم تەنها ئەوەیە لە حکوومەتى تورکیا تەرمى چوار منداڵەکەى دیکەم بۆ بگەڕێنێتەوە کە لە دەریای ئیجە خنکاون".
ئەو ئافرەتە لەبارەى پیشەى هاوسەرەکەى و منداڵەکانى لە زاخۆ دەڵێت: "هاوسەرەکەم فەرمانبەرى فەرمانگەى ئاوى قەزاى زاخۆ بوو لە گوندى دەشتمرێ و لەپاڵ ئەمەیشدا بە پڕە پارەیەکى کەم مۆلیدەى گوندەکەمانى پێدەکرد و دەکوژاندەوە، منداڵەکانیشیم لە قوتابخانە دەیانخوێند، مریەم بەهۆى بچووکى تەمەنییەوە نەیدەخوێند".
دایکى ئەو پێنج منداڵە رەنگى زەردتر بووە لەو پاییزەى کە تیایداهەر پێنج منداڵ و هاوسەرەکەى لە دەستدا، مهاباد وێڕاى خەمى لەدەستدانى تەواوى ئەندامانى خێزانەکەى لە خەمى ئەوانەشە کە تا ئێستا تەرمەکانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە و دەڵێت: "خێزانێکى دیکەى کوردى هەرێمى کوردستان کە شەش کەسن، ئەوانیش دانیشتووى قەزاى زاخۆ بوون لەگەڵ ئێمە ژێر ئاو کەوتن و تا ئێستا لە دەریاى ئیجە ماون".
مهاباد ئیسماعیل دانیشتووى گوندى دەشتمرێ_یە لە قەزاى زاخۆى سەربە پارێزگاى دهۆک، ئافرەتێکى تەمەن ٢٩ ساڵ لە شەوى نۆى مانگى تشرینى یەکەم لە ئەنجامى نقومبوونى یەختەکى کۆچبەران لە کەناراوەکانى ئیزمیر لە دەریای ئیجە بە جارێک هەر پێنج منداڵ و هاوسەرەکەى لە دەستدەدات و تەنها خۆى لە خنکان رزگارى دەبێت. ئێستا لە خانوویەکى مامناوەند لاى باوکى هاوسەرەکەى دەژیت، بارى ئابووریشیان وەک پێوست نییە.