Dlshad Saifaalddin Ahmed
24 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی - AA
یاسین خزر تەهای تەمەن 42 ساڵان، تا پۆلی 12ی وێژەیی خوێندووە و هیچ بڕوانامەیەكی بەرزی نییە و، توانی لە رێگای عەرەبانەکەی دەستییەوە، خۆی بگەیەنێتە پەرلەمانی كوردستان.
یاسین خێزاندارە و خاوەنی حەوت سەر خێزانە و لە گەڕەكێكی نێو قەزای رانیە ( بە دووری 134 كلم لە باكووری رۆژئاوای سلێمانی ) دەژیت، ئەو ئێستا خاوەنی خانوویەكی بچووك و ئۆتۆمبێلێكی كۆنی مۆدێل 1989 ی جۆری نیسان پاترۆڵ و عەرەبانەیەكی دەستییە.
ئەو وەك خۆی دەڵێت، لە منداڵییەوە لە بازاڕدا چاوی كردووەتەوە و بە چلوورە فرۆشتن و گوڵەبەڕۆژە و لوقمەقازی فرۆشتن دەستیپێكردووە و ماوەی 27 ساڵیشە عەرەبانەیەكی هەیە و لەناو بازاڕی شاری رانیە سەرقاڵی فرۆشتنی شیرینی و وردەواڵەیە.
یاسین حەزی زۆری بۆ خوێندنەوە هەیە و لەنێو ماڵەكەیدا كتێبخانەیەكی بچووكی هەیە كە ژمارەیەكی زۆر كتێبی تێدایە و زۆربەی كتێبەكانیش باسی مێژووی گەلانی جیهان و دادوەری دەكات، زۆربەی ئەو كاتانەی لە ماڵەوەیە خۆی بۆ كتێب خوێندنەوە تەرخان دەكات.
وەك خۆی دەڵێت، ئەو تەنها عەرەبانەچییەك نییە و كاری سیاسیشی كردووە، لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2006 ەوە لەگەڵ ئەو حزبەدایە و چەندین بەرپرسیارییەتی لە نێو گۆڕان لە رانیە وەرگرتووە .
یاسین ئاماژە بەوە دەكات، لە ساڵی 2006 لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێی خۆیدا لە رانیەوە سەردانی رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفایان كردووە لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی و داوای لێكردوون لە دوای راگەیاندنی گۆڕانەوە خۆیان بۆ هەموو شتێك ئامادە بكەن و هەوڵی دروستكردنی لیست و چوونە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا و شارەوانییەكان بدەن، لەو قسەیەی نەوشیروان مستەفاوە لەو كاتەوە كەڵكەڵەی خۆكاندیدكردن كەوتووەتە مێشكی یاسین و لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان هەلی بۆ رەخسا و بڕیاری بەشداریكردن و خۆكاندید كردنی داوە.
یاسین لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، زۆربەی بانگەشە و سەردان و هەڵمەتی بانگەشەكەشی لەنێو بازاڕ و كاسبكاران بووە و زۆربەی ئەو كەسانەی دەنگیان پێداوە كاسبكارانی ناو بازاڕن.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان كە پێش چەند رۆژێك بڵاوكرایەوە، لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستاندا یاسین خزر تەها سێ هەزار و 205 دەنگی بەدەستهێناوە و دەنگی پێنجەمی نێو لیستەكەیەتی.
یاسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كاتێك بڕیاری خۆ كاندیدكردنم دا دڵنیا بوم لەوەی دەتوانم سەركەوتن بەدەست بهێنم و بگەمە پەرلەمانی كوردستان، چونكە من كەسێكی كۆمەڵایەتیم و زیاتر لە 30 ساڵەدا لەناو بازاڕدا كاسبی دەكەم و زۆربەی خەڵكی شارەكە دەمناسن، لە سەرەتاشەوە بزووتنەوەی گۆڕان و چین و توێژە جیاجیاكانی شارەكە پشتیوانی زۆریان كردم".
ئەو كە ئێستا چاوەڕوانی قۆناغێكی نوێی ژیان و بەڕێكەوتن بەرەو باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان لە شاری هەولێر و ژیانێكی نوێ دەكات، بەڵام خۆشەویستی بۆ عەرەبانەكەی هەر ماوە و دەڵێت لەكاتی پەرلەمانیشدا دەگەڕێمەوە سەر عەرەبانەكەم.
ئەو گوتی: "عەرەبانەكەم مایەی شانازیمە و بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی رۆژانەی خێزانەكەم بووە كە سەرچاوەیەكی ترم نەبووە، بۆیە ئەو عەرەبانەیە وەك مێژوو لەلای خۆم دەیهێڵمەوە و ئەگەر پەرلەمان و یاساكانی پەرلەمان رێگام بدەن و بتوانم ئەوا لە دوای كاری پەرلەمان و كاتە پشووەكان دەگەڕێمەوە سەر عەرەبانەكەم و بەردەوامی بە كارەكەی خۆم دەدەم".
لە كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا لەنێو بازاڕی رانیە، ژمارەیەكی زۆری دانیشتووان و كاسبكارانی نێو بازاڕی شارەكە دەهاتنە لای یاسین و پیرۆزبایی سەركەوتنیان بۆ پەرلەمانی كوردستان لێدەكرد و هیوایان بە كاندیدەكەیان هەبوو كە بتوانێت دەنگی هەژار و كەمدەرامەت و كاسبكارانی ناوچەكە بگەیەنێتە پەرلەمان و كار بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان بكات.