Zana Natık Kerem
23 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2018
نەینەوا ــ AA
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند لە ئاکامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە باشووری پارێزگای نەینەوا، شەش کەس کوژران و ٣٩ی دیکەش برینداربوون.
ئەفسەر لە پۆلیسی نەینەوا، ملازم عەبدولقادر زیاب جبووری لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا زانیاری زیاتری لە بارەی تەقینەوە دایە ئاژانسی ئانادۆڵو و گوتی: "ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوەندی شارەدێی گەیارە باشووری پارێزگای نەینەوا تەقییەوە".
بە گوتەی عەبدولقادر زیاب جبووری لە ئاکامی تەقینەوەکە، چوار سڤیل و دوو سەرباز کوژران و ٣٩ سڤیلی دیکەش بریندار بوون.
ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی نەینەوا ئاماژەی بەوەشدا کە ھێزە ئەمنییەکان رێگەکانی دەورووبەری ناوچەکەیان داخستووە و لێکۆڵینەوەیان لەوبارەوە دەست پێکردووە.
ناوبراو، رێکخراوی تیرۆریستی داعشی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکەدا، ھەیە.
تا ئێستا، ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی ئەنجامدانی تەقینەوەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.