باوكی یەكێك لە رفێنراوەكان بە ناوی تاهیر حەسەن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە چەكدارانی پەكەكە كوڕەكەی ئەویان رفاندووە و نزیكەی دە رۆژە دەستبەسەرە و نازانن لە كوێیە و بۆچی رفاندوویانە و رێگەچارەشیان نییە بۆ ئەوەی هەوڵی رزگار كردنی بدەن.
تاهیر حەسەن گوتی: "ئێمە خێزانێكی ئاسایین وكێشەمان لەگەڵ هیچ لایەن و كەسێكدا نییە، لە كوڕەكەی خۆم دڵنییام كە هیچ هەڵەیەكی نەكردووە. داواكارین لە چەكدارانی پەكەكە كوڕەكەمان ئازاد بكەن. چونكە جگە لەوەی مامۆستای قوتابخانەیە ئەركی پەروەردە و فێركردنی قوتابیانی لەسەر شانە، بەخێوكردنی خێزانەكەشی لە ئەستۆیە و دوو منداڵەكەشی ماوەی دە رۆژە لە نازی باوكیان بێ بەش بوون".
لەوبارەیەوە سەرۆكی لێژنەی ناوچەكانی دەست پەكەكە لە قەزای زاخۆ هوشیار فەریق لە لێدوانێكی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "چەكدارانی پەكەكە لە ناحیەی باتۆفەی سەربە قەزای زاخۆ چوار لە دانیشتوانی ناوچەكەیان بە تۆمەتی بێ بنەما رفاندووە و یەكێكی لە رفێنراوەكان مامۆستای قوتابخانەیە و خێزاندارە و دوو منداڵیشی هەیە".
سەرۆكی لێژنەكە هوشیار فەریق راشیگەیاند كە تا ئێستا دوو لە دەستگیر كراوانیان رزگار كردووە و مامۆستای قوتابخانە و هاووڵاتییەكی دیكە بێ سەروشوێنن و هیچ زانیارییەكیان لەبارەی شوێن و رەوشی تەندروستی هەردوو رفێنراوەكە نییە، نە ئەوان وەكو لێژنە نە كەسوكاریان نەیانتوانیوە هەوڵ و بەدواداچوون ئەنجام بدەن بۆ رزگار كردنییان تەنانەت سۆراغیشیان نازانن، چونكە ئەو هێزانە هەر رۆژە و لە شوێنێكن نە جێگەیان دەزانرێت نە سەركردەیان لە ناوچەكە.
هوشیار فەریق گوتی: "یەكێك لە رزگاربووانی دەستی پەكەكە بۆ لێژنەكەی ئێمەی گێڕایەوە كە ئەوان چوار هاوڕێ بوون لە گوند دەرچوون بە مەبەستی چنینەوەی بادەم كە لە ناوچەكە خۆڕسكانە دەڕوێت، چەكدارانی پەكەكە پێیان وابووە گوایە ئەوان زانیارییان لەسەر بنكە و بارەگاكانی ئەوان گواستۆتەوە، چونكە لە هەموو لێكۆلینەوەكانی چەكدارانی پەكەكە لەگەڵ ئەوان، پرسیاری ئەوەیان كردووە كە بۆچی سەردانی ئەو شوێنەیان كردووە؟ ئەوانیش لە مەبەستی بادەم چنینەوە هیچ نیازێكی دیكەیان نەبووە".
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پەكەكە لەو شوێنانە مەترسی هەیە و دەشڵێت: "چەكدارانی پەكەكە ستەم لە دانیشتووانی ناوچەكە دەكەن و كاتێك هاووڵاتییانی ناوچەكە سەردانی یەكتر دەكەن لە گوندێكەوە بۆ گوندێكی دیكە، لە زاڵگەكانی پەكەكە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و لێكۆلینەوەی توندیان لەگەڵ ئەنجام دەدەن، ئەمانەیش هەمووی دەستدرێژییە بۆسەر خەڵكی ئێمە لە هەرێمی كوردستان".
هەروەها گوتی: "پەكەكە لە سنووری قەزای زاخۆ ٣١ گوندی داگیر كردووە! ١٧ گوند لە ناحیەی باتۆفا و ١٢ گوندیش لە ناحیەی دەركار. زۆرینەی دانیشتوانی گوندەكانی دەست پەكەكە ماڵەكانییان چۆڵكردووە لەبەر هەڵسوكەوتە خراپەكانی پەكەكە و هەروەها بوونی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆسەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە".
لەبارەی ئەو زیانانەی كە بەر ناوچەكە كەوتووە سەرۆكی لێژنەی ناوبراو هوشیار فەریق گوتیشی: "پەكەكە نزیكەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی بە قەزای زاخۆ گەیاندووە. زیانەكانی بەر باتۆفە كەوتووە بە ١٨٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە كراوە و زیانەكانی بەر ناحیەی دەركاریش كەوتووە بە زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت. ئەو زەرەر و زیانانەیش پێویستی بە قەرەبوو كردنەوە هەیە".
گوتیشی: "هەر بەهۆی پەكەكەوە لە ناوچەكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری ئەنجام نەداوە، بۆیە داوا دەكەین بە گفتوگۆ كۆتایی بە داگیركاری ناوچەكە بهێنرێت. چیدیكە ستەم لە دانیشتووانی قەزای زاخۆ نەكرێت".
هوشیار فەریق گوتی: "دانیشتووانی سنوورەكانی دەست پەكەكە نیگەرانن و نایانەوێت چەكدارانی پەكەكە لە ناوچەكە بەردەوامی بە خەباتی چەكداریان بدەن و داوا دەكەن لە سنوورەكە دەربچن تاوەكو بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەستبكەنەوە بەكاری كشتكاری و ئاژەڵداری".
بە مەبەستی لێكۆلینەوە لە ناوچەكانی دەست پەكەكە لە سنووری پارێزگای دهۆك لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ لە كۆبوونەوەیەكدا ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بڕیاریدا سێ لێژنە بۆ هەر یەك لە قەزاكانی ئامێدی، ئاكرێ و زاخۆ پێكبهێنرێت، لێژنەكانیش لەو ئەندامانە پێكدێن كە خەڵكی ئەو ناوچانەن كە لە دەست پەكەكەدایە، لێژنەی ئامێدی چوار ئەندام، لێژنەی ئاكرێ پێنج ئەندام و لێژنەی زاخۆش حەوت ئەندام.
news_share_descriptionsubscription_contact

