Azad Mohammed Abdullah
17 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2018
دهۆک - AA
سەرپەرشتیاری گشتى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێمى کوردستان، ئارى جەلال رایگەیاند "دواى هەوڵ و ماندوو بوونێکى زۆر ئەمڕۆ توانیمان تەرمى چوار لە قوربانیانى دەریاى ئیجە بگەڕێنینەوە هەرێمى کوردستان، کارەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەى تەرمى ١١ بێ سەروشوێنى دیکەى رووداوەکە بدۆزینەوە و بیانگەڕێنینەوە بۆ شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان".
سەرپەرشتیاری گشتى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق لە هەرێمى کوردستان، ئارى جەلال لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "بە هەوڵ و ماندووبوونەکانى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراق ئەمڕۆ توانیمان تەرمى چوار لە قوربانیانى رووداوەکەى دەریای ئیجە بگەڕێنینەوە هەرێمى کوردستان و رادەستى کەسوکارییان بکەین".
ئارى جەلال لەبارەى ناسنامە و شوێنى دانیشتووانى قوربانیان گوتى: "عیسا عەبدولڕەحمان ئەحمەد، عبدوڵڵا عیسا و شۆڕش عەبدولوەهاب ئیسماعیل، ناوى سێ لەو قوربانیانەن کە دانیشتووى قەزاى زاخۆن و هەرسێکیان لەیەک بنەماڵەن. محەمەد حەسەن ئەحمەد ناوى قوربانییەکەى دیکەیە و دانیشتووى شارى دهۆک بووە کە بە تەنها رووى لە هەندەران کردووە لە دەریای ئیجەدا لە ئەنجامى نقومبوونى یەختەکەیان خنکاوە".
حەسەن ئەحمەد باوکى یەکێک لە قوربانییەکانە بە حەسرەت و دەنگێکى پڕ لە خەمەوە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەدوێت و دەڵێت: "تەرمى کوڕەکەم محەمەد کە لە دەریای ئیجە خنکا بوو، گەیشتەوە دەستمان و کەمێک پێش ئێستا لە گوندى سپیندارێى سنوورى پارێزگاى دهۆک بەخاکمان سپارد، داوا لە هەموو گەنجان و هاووڵاتییان دەکەم، رێگا نایاساییەکان تاقى نەکەنەوە و زێدى خۆیان جێنەهێڵن و دڵى دایک، باوک، خوشک و براکانیان بە کۆچ و خنکانیان نەسووتێنن".
دەشڵێت: "هیچ شتێکمان لەبارەى کوڕەکەمان نەدەزانى و ئاگاداریش نەبووین کە رووى لە هەندەران کردووە، ئێمە چاوەڕوان بووین کوڕەکەمان بگەڕێتەوە نێو خانەوادەکەمان، ئومێدێکى زۆم بە کوڕەکەم هەبوو، کە کەسێکى بەرهەمدار دەبێت بۆ هەموولایەکمان، بەڵام پێش گەڕانەوەى خۆى، هەواڵى خنکانى ئەو لە دەریای ئیجەمان بۆ گەڕایەوە، ئەمەیش برینێکى قوڵى لەسەر دڵ و دەروونمان جێهێشت".
لە شەوى نۆ لەسەر ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٨ لە ئەنجامى نقومبوونى یەختەکى کۆچبەران لە کەناراوەکانى ئیزمیر لە دەریای ئیجەدا لە کۆى ٣٦ کۆچبەر ٣٥ کۆچبەر خنکان و ١٥ کۆچبەر لە قوربانیانى رووداوەکە کوردى هەرێمى کوردستان بوون، تەنها ئافرەتێکى قەزاى زاخۆ لە رووداوەکە رزگارى بووە، ئەو ئافرەتەیش سەرجەم ئەندامانى خێزانەکەى لە رووداوەکەدا لە دەستداوە.