Rawan Subhi Obaidullah
01 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2022
دھۆک - AA
ئەمڕۆ یەکی نیسان مەسیحییەکانی ھەرێمی کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بە رێوڕەسمی جیاواز جەژنی سەری ساڵی نوێی بابلی-ئاشووری(ئەکیتۆ) یان پیرۆز کرد و لە دھۆکیش بەو بۆنەیە رێپیوانێکی جەماوەری لە بەردەم سەنتەری رۆشنبیری ئاشووریان تا گەلی دھۆک بەرێوەچوو کە زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەس تیا بەشداربوون.
یەکێک لە رێکخەرانی ئەم چالاکییە بە ناوی دیندار ولیەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ھەر ساڵ لە یەکی نیسان ئەم بۆنە نەتەوەییە پیرۆز رادەگرین کە ھاوکاتە لە گەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی بەھار وپێکھاتەکانی بابلی ئاشووری لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی عێراق بەشدار دەبن. ھەروەھا جیاواز لە ساڵەکانی دیکە ئەمساڵ زیاتر لە ھەزار کەس لە ئەوروپا و کەنەدا و ئۆسترالیا و ئەمریکاوە ھاتوون و بەشداری رێورەسمەکە بوون".
ولیەم گوتیشی: "دھۆک شارێکی پاکە و لە رووی ئەمنی پارێزراوە و ئێمە ھەموو سالێک بێجگە لە سەردەمی کۆرۆنا رێورەسمەکانی پەیوەست بەو جەژنە لێرە دەگێرین، بەجۆرێک لەساڵی ١٩٩٢وە ئەم رێورسمە لێرە بەرێوەدەچێت ولەساڵی ٢٠٠٥ زۆرترین ژمارەی خەڵکی بەشداریان کردەوە کە زیاتر لە ٦٠ ھەزار کەس بوون".
جێگرێ پارێزگاری دھۆک شمعون شلیمون ئیشو کە لە پێکھاتەی مەسیحییە و بەشداری رێورەسمەکە بووبوو لە لێداونێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ گوتی: "ھیوادارین ئەم ساڵ ساڵی ئاشتی بێت بۆ ھەموو نەتەوەیەک، زۆرێک لە بابلی ئاشووری لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا و بەغدا ھاتوون و ئەمرۆ لە گەڵمان بەشدارن، ھیواخوازین ئەوانەی ئاوارەی دەرەوی وڵاتیش بوون جارێکی تر بگەرێنەوە عێراق و لە خۆشیەکانی ئێمەدا بەشداربن".
جەژنی ئەکیتۆ جەژنێکی تایبەتە بە ئاشوورییەکان و ساڵانە بێجگە لە کەنیسەکان ھاوکات ئاشوورییەکان لەنێو مالانیشدا ئەو بۆنەیە پیرۆز دەکەن. ئەم جەژنە دەکەوێتە یەکەمین رۆژی مانگی نیسانەوە.
ساڵانە فێستیڤاڵ و چالاکیی جیاواز بەڕێوەدەچن، لە دوو ساڵی رابردوو بەھۆی قەدەخەی ھاتووچۆ و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ھیچ رێوڕەسمێک لە دھۆک بەڕێوەنەچوو.