Azat Muhammet
14 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2016
دهۆک - AA
ئەمڕۆ ژمارەیەک هۆزە عەرەبەکانى سنووری پارێزگای نەینەوا لە کۆمەڵگەى دادوەرى پارێزگاى دهۆک گردبوونەوە بۆ ئیدانەکردنى تۆمەتەکانى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى بەرامبەر بە هێزەکانى پێشمەرگە، دواتر لە دادگاى دهۆک سکاڵاى یاساییان دژى ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە تۆمار کرد و، راپۆرتەکانى رێکخراوەکەیان بە بوختان و تۆمەتی هەڵبەستراو لە قەڵەمدا.
ئەمڕۆ لە پارێزگاى دهۆک سەرجەم هۆزە عەرەبەکانى سنووری پارێزگای نەینەوا لە دژى روونکردنەوە و راپۆرتەکانى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى گردبوونەوە و دواى تۆمارکردنى سکاڵای یاسایی لە دادگاى دهۆک نوێنەرى هۆزە عەرەبەکانى سنووری پارێزگاى نەینەوا، شێخ مزاحم ئەحمەد حویت لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى کە ئاژانسى ئانادۆڵوش ئامادەی بوو رایگەیاند "ئێمە وەک هۆزە عەرەبەکانى سنووری پارێزگای نەینەوا تەواوى راپۆرت و روونکردنەوەکانى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لەسەر هێزەکانى پێشمەرگە بەتوندى رەتدەکەینەوە، تەواوى راپۆرتەکانى ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە تۆمەت هەڵەبەستنە بە هێزەکانى پێشمەرگە و بە هیچ شێوەیەک هیچ راستییەکى بۆ نییە".
نوێنەرى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا، شێخ مزاحم ئەحمەد حویت لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە گوتی: "داوا لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین مۆڵەتى کارکردن لە رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى بسەنێتەوە و نووسینگەکانی لە هەرێم دابخرێت بۆ ئەوەى چیدیکە لە خەبات و قوربانیدانى هێزەکانى پێشمەرگە کەم نەکاتەوە، چونکە هێزەکانى پێشمەرگە نەک تەنها هەرێمى کوردستان و هاووڵاتییانى عێراقیان لە هەڕەشەى تیرۆریستانى داعش پاراستووە، بەڵکو تەواوى مرۆڤایەتییان لە داعش پاراستووە و دەپارێزن".
شێخ مزاحم ئەحمەد حویت بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بە مەترسییەکانى کارى ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە کرد و گوتی: "کار و چالاکى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ئەگەر بەم چەشنە بەردەوام بێت، رێکخراوى تیرۆریستى داعشى لێ بترازێت خزمەت بە هیچ هێز و لایەنێکى دیکە ناکات، ئەوەش جێگەى قبووڵکردن نییە لەلاى ئێمە و وەک هۆزە عەرەبەکانى سنووری پارێزگاى نەینەوا، بە شتێکى مەترسیداری دەزانین لەسەر ئاییندەى هاووڵاتییان و تەواوى هێزە شەڕکەرەکانى دژ بە داعش".
نوێنەرى هۆزە عەرەبەکانى نەینەوا پەنجەی بۆ سەرۆکوەزیرانی پێشوو، نورى ماڵکى راکێشا و گوتی: "نورى مالکى لە پشت راپۆرت و بەدواداچوونە درۆینەکانى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتییە، بەرامبەر بە هێزەکانى پێشمەرگە. گومانمان لەوەدا نییە کە نورى مالکى هەموو رێکارێکى ئەمنى، رێکخراوەیی و سیاسى بۆ دژایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە گرتووەتەبەر".
لەبارەى ئەوەى بۆچى لە دادگاى فیدراڵى عێراق سکاڵایان تۆمار نەکردووە، لە وەڵامى ئەو پرسیارەى ئاژانسى ئانادۆڵو نوێنەرى هۆزە عەرەبەکانى سنووری پارێزگاى نەینەوا گوتی: "ئێمە ئێستا لە دادگاى دهۆک سکاڵامان تۆمار کرد، بەهەمان شێوە لە چەند رۆژى داهاتوودا لە دادگاى فیدراڵى عێراق سکاڵاى یاسایی لە دژى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى تۆمار دەکەین".
نوێنەرى هۆزە عەرەبەکانى سنووری پارێزگاى نەینەوا گوتىشی: "هێزەکانى پێشمەرگە بەبێ جیاوازى نەتەوەیی و ئایینى ناوچەیەکى گەورە و بەرفراوانیان لە دەست تیرۆریستانى داعش رزگار کردووە کە ئەمە جێگەى شانازىیە. دەبوو ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە دەست خۆشى لە هێزەکانى پێشمەرگەی بکردایە کە بە جوانترین شێوە و بەوپەڕى مرۆڤایەتییەوە ئەرکى سەربازى خۆیان بە جێگەیاندووە".
شێخ مزاحم ئەحمەد حویت گوتیشى: "پێشمەرگە کاریگەرترین هێزە کە دژبە تیرۆریستانى داعش دەجەنگێت، ئەگەر رۆڵ و کاریگەرى هێزەکانى پێشمەرگە نەبووایە ئێستا داعش بینا و بارەگاکانى ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەى دەکردە مۆڵگەى چەک و تەقەمەنییەکانى خۆى، جگە لەوەش لە دواى رێککەوتنى هەرێم لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى مووسڵ پێشمەرگە گەورەترین یارمەتیدەر بووە بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق و لە دەستپێکى ئۆپەراسیۆنەکەدا توانى سەرجەم هێڵەکانى بەرگرى داعش لە دەورووبەرى مووسڵ تێکبشکێنێت".
رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى، رێکخراوێکى نێودەوڵەتییە نا حکومییە و نووسینگەى سەرەکى لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیایە و لەلایەن پیتەر بێنەنسۆن دامەزراوە. دامەزرێنەرانى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى وا پێناسەى رێکخراوەکەیان کردووە کە داکۆکى دەکات لە مافى مرۆڤ و هاووڵاتییان و بەدواداچوون لە بەشێک کەیسى زیندانى کراوان.