Ahmet Furkan Mercan
01 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2022
تۆکیۆ - AA
رۆبۆتی شێوەمرۆیی ئەسیمۆ (Asimo) کە لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهینانی ئۆتۆمبێل، هۆندا مۆتۆڕ دروستکراوە دوایين نمایشی خۆی ئەنجامدا.
رۆبۆتی ئەسیمۆ لە میانی نمایشێکدا کە لە ناوەندی کۆمپانیای هۆندا مۆتۆڕ لە تۆکیۆ رێکخرابوو لە رێگەی ئەنجامدانی سەما و یاریکردن بەتۆپ، تواناکانی خستەڕوو.
رۆبۆتەکە کە بەشێوەیەک پڕۆگرامکراوە لە رێگای پەنجەکانیيەوە دەتوانێت زمانی ئاماژە بەکاربێنێت و قاوە پێشکەش بکات، بووە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان.
ئامادەبووان بە مەبەستی ماڵئاوای کردن لە رۆبۆتەکە کە باڵاکەی هێندەی درێژی باڵای منداڵێک دەبێت، لە رێگەی کامێرای مۆبایلەکانیانەوە جوڵە سەرنجڕاکێشەکانی رۆبۆتەکەیان تۆمار کرد.
رۆبۆتی ئەسیمۆ کە بە ئەنجامدانی چەندین جموجۆڵی جۆراوجۆری وەکو راکردن و هەڵبەزین ناسراوە، تاوەکو ئێستا لەلایەن کۆمپانیای هۆندا مۆتۆڕەوە پێنج مۆدێلی جیاوازی لێ بەرهەم هێنراوە.
دەزگای پەخشیی ژاپۆن NHK بڵاوی کردەوە کە ئەمە دوايین مۆدێلی رۆبۆتی ئەسیمۆیە و دوای ئەمە کۆتایی بە پڕۆژەی رۆبۆتی ئەسیمۆ دێت.
کۆمپانای هۆندا مۆتۆڕ پلانی وایە لە ماوەی داهاتوودا 'رۆبۆتی ئاڤاتار' پێشبخات.