Azat Muhammet
12 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2017
دهۆک-AA
دواى چوار مانگ لە کۆنتڕۆڵکردنەوەى دەشتى نەینەوا لە چنگ چەکدارانى داعش و پاککردنەوەى ناوچەکە لە بۆمبە چێنراوەکانى ئەو رێکخراوە توندڕەوە لەلایەن پێشمەرگە، جووتیاران بەدڵێکى خۆشەوە جارێکى دیکە بەپیشەى جووتیارى خۆیان شاد بوونەوە تراکتۆرەکانیان بڵاوەپێکردووە، بۆ ئەوەى جارێکى دیکە بەچاندنى گەنم، جۆ، نۆک و دانەوێلەکانى تر بتوانن سوود لە خاکەکەیان ببینن و پیشەى جووتیارى و کێڵانى زەویوزار وەکوتاکە رێگە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەى بتوانن جارێکى دیکە ژێرخانێکى ئابوورى بۆ خۆیان بنیاتبنێننەوە.
لە کۆتایی ساڵى ٢٠١٤وە بەهۆى پەلامارى چەکدارانى داعش بەهەزاران دۆنم زەوى کشتوکاڵى لە دەشتى نەینەوا زیانى بەرکەوت و تەواوى جووتیارانیشى لە پیشەکەیان دابڕان، داعش لە بڕى پەینکردن و ئاڵیکى کشتوکاڵى و، چاندنى بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆمب و تەقەمەنی لە خاکەکە چاند، دواى ماندوو بوونێکى زۆر تیمەکانى ئەندازەى پووچەڵکردنەوەى بۆمبە چێنراوەکانى سەربە وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان جگە لە شار و گوند، زەوییە کشتوکاڵییەکانیش لە بۆمب و پاشماوەکانى داعش پاککردەوە.
کشتوکاڵ یەکێکە لە پیشە هەرە دێرینەکانى مرۆڤ، مەبەستی سەرەکی جووتیاران بریتیە لە چاندنی دانەوێڵە، سەوزە و میوە، کە دەبێتە ھۆی بژێوى بۆ ژیانی رۆژانەیان، هەرچەند بەپێی ستاندارتى جیهانى دەبێت هەر وڵاتێک ١٠ لە سەدی بوودجەکەی بۆ کشتوکاڵ تەرخان بکرێت، بەڵام جووتیاران لە دەشتى نەینەوا پشتییان بەتواناى خۆیان بەستووە و پاراستنى ناوچەکەیان لەلایەن پێشمەرگە بەهاوکارییەکى گەورە دەزانن، لەو باوەڕەدان کە خۆیان دەتوانن جارێکى زەوییەکە بگەڕێننەوە بۆ زەوییەکى بەپیتى کشتوکاڵى و لە رێگەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان خزمەت بەخۆیان و دانیشتووانى ناوچەکە بگەیەنن.
جووتیاران لەنێوان ئەو دوو سەنگەرە زەوییەکانیان دەکێڵن، کە پێش چەند مانگێک پێشمەرگە و داعش سەختترین شەڕو رووبەڕووبوونەوەیان تێیدا بەرپا کرد دژى یەکتر، هەرچەند ئاڵا رەشەکى داعش هێنراوەتەوە خوارەوە و دەسەڵاتى داعش لە ناوچەکە نەماوە، بەڵام جووتیاران هێشتا نەچوونە ئەو ناوچانەى نزیک شارى مووسڵ، چونکە مەترسى ئەوەیان لەسەرە بۆمبى چێنراوى داعشى تێدا مابێت، چاوەڕوانى هەوڵى تیمەکانى ئەندازەى پووچەڵکردنەوەى بۆمبەکانن، تا وەکو هەموو جووتیاران بەبێ جیاوازى دەست بەپیشەکەیان بکەنەوە.
خاکى دەشتى نەینەوا جگە لە گەنم، جۆ، نۆک و پاقلە و دانەوێڵەکانى دیکە جووتیاران بۆ چاندنى کاڵەک و شووتى و دەیان سەوزە و میوەى تر سوودى لێوەردەگرن، بەهۆى هەڵکەوتەى ستراتیجى ناوچەکەیەوە جووتیاران بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان لە هەریەکە لە شارەکانى مووسڵ، هەولێر و دهۆک بازاڕ دەکەن و ساڵانە داهاتێکى ئابوورى هەم بۆ بژێوى ژیان و بوژاندنەوەى بازاڕى نێوان شارەکان هەیە.
جووتیارێک بەناوى نەجم ئەلیاس بەجۆش و خرۆشێکى زۆرەوە دەستى پیشەى جووتیارى خۆى کردووەتەوە و بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پێش دووساڵ داعش تەواوى خاکەکەى لێ داگیر کردین، بەوهۆیەوە بۆمان نەبوو زەوییەکانمان بکێڵین تاوەکو سوودى لێوەربگرین، بەڵام خۆشبەختانە پێشمەرگە هێرشى کردە سەر داعش لە ناوچەکە لەناوى بردن و، ئەو داعشانەى نەکوژران لەبەر زەبرى پێشمەرگە هەڵاتن".
ئەو جووتیارە گوتیشى: "ئێمە لەوە دڵنیاین کە تیمەکانى ئەندازەى پوچەڵکردنەوەى بۆمبەچێندراوەکانى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە هەموو ناوچەکەیان لە بۆمب و تەقەمەنى داعش پاککردووەتەوە، بۆیە دەستمان کردووەتەوە بەکارەکانمان. چونکە ئەگەر ئەو خاکە لە بۆمب پاکنەکرابێتەوە ئەستەمە بە جووتیار، تراکتۆر و ئامێرە کشتوکاڵییەکانمان نەتەقێتەوە، خۆشبەختانە تا ئێستا تووشى هیچ رووداوێکى لەو چەشنە نەبووینە".
دەشڵێت "من چەندین ساڵە جووتیارم شارەزایی تەواوم هەیە لەسەر پیشەکەم، بەراستى داعش لە ماوەى دەسەڵاتى خۆى زیانى زۆرى بەخاکەکە گەیاندووە، لە ئێستادا زۆرینەى خاکەکە بەکەڵکى ئەوە نایەت هەموو جۆرە دانەوێڵەیەکى لێ بڕوێنین، بەڵکو دەبێت کاڵەک، خەیار یان تەرۆزى لێ بچێنین، ئەمەیش تاوەکو جارێکى دیکە خاکەکە بەهێزتر ببێتەوە بۆ مەبەستى جووتیارى سوودى لێ وەربگرێتەوە، سووتاندنى زەوییە کشتوکاڵییەکان لەلایەن داعشەوە یەکێک بووە لە بێ هێزکردنى زەوى کشتوکاڵى، ئەمەیش ساڵێک دوو ساڵى دیکەى دەوێت تا وەکو جاران خاکەکە بەپیت بێتەوە".
دەشتى نەینەوا خاکێکى نیمچە زوورگاوییە لە ساڵانى پێش گەیشتنى داعش بەناوچەکە، ساڵانە سەدان تۆن لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک لەو خاکە بەرهەم دەهێنرا، جووتیارانیش بەئومێدەوە دەستیان بەپیشەکانیان کردووەتەوە بەنیازیشن بەشێوازێکى باشتر لە جاران درێژە بەپیشەى خۆیان بدەنەوە.