ھەولێر
رۆژی سێشەممە لە ھۆتێل رۆتانا لەشاری ھەولێر، کۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ پێشانگاکان لە عێراق IFP IRAQ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکردو تێیدا رایگەیاند: حەفتەی داھاتوو پێشانگەی بەرھەم و کەرەستەی کشتوکاڵی لە ھەولێر دەکرێتەوە.
نوێنەرانی ھەریەکە لە ژووری پیشەسازیی ھەولێر، وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی بازرگانیی ھەرێم لەکۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا بەشدارییان کرد.
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزیری کشتوکاڵ ئەنوەر عومەر، گوتی: "کردنەوەی ئەم پێشانگەیە بەلای حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە گرنگی زۆری ھەیەو بە ھەنگاوێکی دیکەی دەزانین بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان. ئامانجمان ئەوەیە بگەینە سەرچاوەی سەرەکی ئاسایشی کشتوکاڵ و ئاو و خۆراک، ئەوەی گرنگە لەم پێشانگەیەدا دەتوانین بەم رێیە پیشانی بدەین کە لەرووی ئارامی و ئاسایشەوە دەتوانین بە دنیا بڵێین لێرە دەرفەت رەخساوە بۆ وەبەرھێنان لەبواری کشتوکاڵ و ئاو و خۆراکدا".
لەبارەی ھاتنی کۆمپانیاکان بۆ ھەرێمی کوردستان ئەنوەر عومەر گوتی: "دەمانەوێ ھانی کۆمپانیاکان بدەین بۆ ئەوەی بێنە کوردستان و کارگە دابنێن، بەرھەمی باشمان ھەبێ بەڵام بەگەڕخستنمان خراپە خاڵێکی تریش ئەوەیە بەپێویستی دەزانین جوتیارانمان کەڵک لە تەکنەلۆژیای نوێ وەربگرن بەڕێی ئەم پێشانگەیە بتوانن ئاشنای ئامێرەکان ببن."
وا بڕیارە ئەو پێشانگایە ١٨ی تشرینی دووەم دەست پێبکات تا ٢١ی مانگ بەردەوامبێ. نزیکەی ٣٥٠ کۆمپانیا لە ٢٧ وڵاتی جیاواز، لەبوارەکانی کشتوکاڵ و خۆراک بەشداریی تێدا دەکەن.
ھەریەکە لە ئەنجومەنی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، ئاژانسی گەشەپێدانی بازرگانی، باڵیۆزخانەی ھۆڵەندا لە بەغدا، وەزارەتی ئابووریی تورکیا، یەکێتیی ھاوردەو ھەناردەکارانی تورکیا، ژووری بازرگانیی قوبرسی تورکی، یەکێتیی ھەناردەکارانی ئیستەنبوڵ و چەند ناوەندێکی عەرەبی بەشداریی تێدا دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانیی ھەرێم ئیسماعیل محەمەد، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم جۆرە پێشانگەیانە گرنگی خۆی ھەیە بەڵام پرسیار ئەوەیە تاچەند دەتوانین سودی لێ وەربگرین، بۆ بەھێزکردنی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێم؟ ئێمە پشتمان بە بەرھەمی دەرەوە بەستووە، بەرھەمی ناوخۆییمان پیشگوێخستوە، بەبڕوای من پێویستە رێ لە بەرھەمی ھاوردە بگرین بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی بەرھەمی ناوخۆیی. ئەمەش بەجۆرێک دەکرێ ئاوڕ لە بەرھەمی ناوخۆیی بدەینەوە."