Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2017
سلێمانی - AA
دیدارەکە لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لەلایەن پەیمانگای کوردی- ئەمریکی بۆ توێژینەوە و گەشەپێدان و راوێژی ئابووری بەھاوکاری یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وەبەرھێنەران و شارەزایانی بواری کشتوکاڵ ئامادەی بوون.
دیدارەکە بە دروشمی (دەستبەرکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاو) بەرێوەدەچێت، بە دوو پانێڵی جیاواز سەبارەت بە "پەرەپیدانی کەرتی کشتوکاڵ و گرنگیدان بە ئاسایشی خۆراک" و "لەمپەرەکانی بەردەم ئاو لە ھەرێمی کوردستان" گفتوگۆ دەکرێت.
بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی ـ ئەمریکی، تارا شوان لە گوتاری کردنەوەی دیدارەکەدا گوتی: "لەئێستادا ٩٥ لەسەدی داھاتی ھەرێمی کوردستان بریتییە لە داھاتی نەوت، ئەوەش ھۆکاری سەرەکی قەیرانی دارایی و ئابوورییە، بۆیە پێویستە حکوومەت جگە لە کەرتی نەوت بایەخ بە کەرتەکانی دیکە بەتایبەت کشتوکاڵ بدات تاوەکو داھاتێکی باشتر بۆ خۆی دابین بکات".
گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی ھەرێمی کوردستان، مەلا یاسین لە گوتارێکدا گوتی: "سازکردنی ئەم دیدارە سێ قۆناغی بڕیوە و پێشتر بە کۆبوونەوە و پانێڵ دەستمان پێکرد، لە مانگی ئابی داھاتوو کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ئەنجام دەدەین".
مەلا یاسین گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ حکوومەت سەرقاڵی چاکسازی بوو، ساڵی ٢٠١٧ مان بە ساڵی زیندوکردنەوەی ژێرخانی ئابووری کوردستان لەقەڵەمداوە".
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە گوتەیەکدا گوتی: "پڕۆژەی بیناسازی و گرنگیدان بە کەرتەکانی تری وەک کەرتی نەوت ھەموویان بوونە ھۆکاری لاوازکردنی کەرتی کشتوکاڵیمان، ئێستا دوای وەرگرتنی وانە لە قەیرانی دارایی و ئابووری و پاش تێگەیشتنمان لە مەترسییەکانی خستنی ھەموو ھێلکەکانمان لە بەرمیلی نەوت بۆمان روونە کە دەبێت لەمەودوا بە فیعلی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بکەینە ئەولەویەتمان، ھەربۆیە لەدوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارماندا بە دانانی بۆردێکی باڵای کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ بڕیاردان لەسەر پێشنیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە پێناو بوژاندنەوەی ئەو کەرتە".
قوباد تاڵەبانی گوتیشی: "پێویستمان بە پشتیوانی پسپۆڕانی ناوخۆیی و بیانی و تێگەیشتنی نوێ ھەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵ، تێگەیشتنێک ببێتە ھۆی بەھێزکردنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و بەستنەوەی جوتیارەکانمان و بەروبوومیان بە بازاڕ، ئەوەش پێش ھەموو شتێک پێویستی بە گۆڕینی رۆڵی حکوومەتە لە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ. ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە ئێمە وەک حکوومەت بڕیار بدەین جوتیارەکانمان چی بچێنن و چۆن بچینن و کەی بچێنن، بۆیە بڕیارمانداوە کە سوود لە پسپۆڕان وەربگرین بۆ دۆزینەوەی رێگا بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە پرسی خاوەندارێتی زەوی کشتوکاڵی".
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ھەماھەنگی بەھێزتر دەکەین لە نێوان وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرھێنان تاوەکو بەرھەمی خۆماڵیمان بە پێی ویست و داواکاری بازاڕ بێت نەک بە پێی میزاجی حکوومەت بێت، ھەروەھا لەئێستاوە دەست دەکەین بە چاکسازی و وەگەڕِخستنەوەی کەرتی کشتوکاڵ".
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی ٢٠١٧ یان ناوناوە ساڵی رێکخستنەوە و دەرەنجامەکەی دەبینن و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەبن لە پاراستنی بەروبوومی خۆراکی و رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی زیادەڕۆی کردنەسەر زەوییەکان.
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەولەویەتمان ئەوەیە ھەلی کار زیاد بکەین و کەرتی کشتوکاڵیش زۆرترین ھەلی کار دابین دەکات و نابێت تەنھا پشت بە داھاتی نەوت ببەستین".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، عەبدولستار مەجید باسی لە ھەنگاوەکانی حکوومەت بۆ پشت بەستن بە کەرتی کشتوکاڵ و گرنگیدانی زیاتر بەو کەرتە کرد و ئومێدی ئەوەشی خواست دیدارەکە بە کۆمەڵێک راسپاردە و پێشنیار بە کۆتابێت کە ببنە بنەما بۆ بوژاندنەوە و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان.
عەبدولستار مەجید گوتی: "وەک وەزارەتی کشتوکاڵ خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین کە گرنگی بدەین بە بەرھەمھێنانی خۆراک، بەڵام بەرھەمھێنانی خۆراک پەیوەندی بە سێکتەرەکانی دیکە و وەزارەتەکانی ترەوە ھەیە".
دیداری سلێمانی تایبەت بە پەرەپێدان و بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ ماوەی یەک رۆژ دەخایەنێت و چەندین پسپۆری کەرتی کشتوکاڵ و ئاو لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان تێدا بەشدارن، ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسیش بەپێی تایبەتمەندی ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ و پەرلەمان و کەرتی تایبەت دەکرێت.