Mazın Asad
15 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2017
دوزجە - AA
شاری دوزجە کە گرنگترین سەنتەری بەرھەمھێنانی بوندقە لە تورکیا، بووەتە شوێنی بژێوی ژیانی ئەو کرێکارە وەرزییانەی کە رووی لە شارەکە دەکەن.
کرێکارانی کشتوکاڵی وەزریی بە کارکردن بۆ کۆکردنەوەی بوندق لە شارەکە، بە ئارەقەی نیوچاوانیان پارە قازانج دەکەن و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.
کرێکاران لە مانگەکانی ھاوین بۆ بەرھەمھێنانی بوندق لە شاری دوزجە، پەموو و کاڵەک لە شاری ھاتای، شووتی لە ئادانا، سێو لە ئاماسیا و ئیسپارتا، پەتاتە لە ئافیۆن و لە شاری ئیدر بەرھەمی دیکەی کشتوکاڵی، روو لەو شارانە دەکەن و بەلانی کەم مانگێک لە ژێر چادرەکاندا دەمێننەوە.
ئەو کرێکارانە ناچارن لەو شوێنەی کاری لێ دەکەن، خێزانەکانیشیان لەگەڵ خۆیان ببەن ولەوێدا بۆ ماوەیەکی کاتی ژیانێکی نوێ بۆ خۆیان پێک دێنن.
ئافرەتانیش بە رۆژ بوندق کۆدەکەنەوە و ئێوارانیش سەرقاڵی شۆردنی جلوبەرگ، چێشتلێنان و دروستکردنی نان دەبن.
ھاوکات قوتابیانیش لە وەرزی ھاوین سەرقاڵی کۆکردنەوەی بوندق دەبن لە شارەکە و بەھۆیەوە داھاتێکیان دەست دەکەوێت کە لەکاتی پرۆسەی خوێندندا خەرجییەکانیان پێ دابین دەکەن.
کرێکارێک بەناوی عەلی تۆپڵار کە لە شاری ھاتای بۆ شارۆچکەی کایناشلی شاری دوزجە ھاتووە، رایگەیاند ساڵانێکە بۆ کارکردن روو لەو ناوچەیە دەکات.
عەلی تۆپڵار ئاماژەی بەوە دا کە کاری کۆکردنەوەی بوندق ماوەی مانگێک دەخایەنێت و دواتر بۆ ڕنینی سێو روو لە ئەنتاڵیا و ئیسپارتا دەکەن و گوتیشی: "بێجگە لە ئێمە ھاووڵاتیانی سووریش لەگەڵ خۆمان دێنن و کاریان پێ دەکەین. رەنجیان چی بێت، ھەندە بەرامبەری وەردەگرن. ئەوان برا ئێمەن".