Hemn Baban
15 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2017
هەولێر-AA
جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوییان کرد و لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
دوای کۆبوونەوەکەش هەریەک لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەعفەر ئیمینکی و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، عەبدولستار مەجید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد.
لە دەستپێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەعفەر ئیمینکی گوتی: "لە چوارچێوەی ئەرکەکانمان، لەگەڵ لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان، سەردانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاومان کرد، چونکە سەرەڕای ئەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستانیش، لێژنەکانی کشتوکاڵ توانیوویانە لە نزیکەوە چاودێری کەرتی کشتوکاڵ بکەن و هەمیشە ئەرکەکانی ئەو وەزارەتەش قورس بووە و ئێمەش بۆ پشتیوانی و هەماهەنگی لە چوارچیوەی ئەو چاودێرییەی کە پێویستە بکرێت و هەماهەنگی و هاوکاری یەکتر دەکەین و بابەتی زۆر گرنگمان باس کرد کە تایبەتن بە ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان کە خەمێکی گشتییە و پێویستییەکی نیشتمانی گەورەی، بە دڵنیاییەوە وەزارەت پلانی خۆی هەیە و ئێمەش بۆ گوێرگرتن لەوپلانە و زیاتر وەرگرتنی زانیاری کۆبووینەوە و بە دڵنیاییەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا زۆر کرا. دوێنێش کۆبوونەویەکمان کرد تایبەت بە پارەی جووتیاران کە لە لای حکوومەتی بەغدا هەیە و ئێمە هەست دەکەین کە سیاسەتێک هەیە بۆ برسیکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئێمەش لە پەرلەمان خەمی گەورەمان ئەوەیە کە ئەو پارەیە بگەڕێنینەوە بۆ جووتیاران کە بڕەکەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە و ئەمڕۆش باسمان لەو بابەتە کردووە و خۆشحاڵین بەو هەماهەنگییەکی لێژنەکانی پەرلەمان و بەو ئومێدەی کە پەرلەمان کارا بکرێتەوە".
لە وەڵامێکی بۆ رۆژنامەوانان سەبارەت بە دواین پێشهات و زانیارییەکان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، جەعفەر ئیمینکی گوتی: "دواین زانیارییەکان لەسەر ئەوەیە کە دانیشتنێکی راستەخۆ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە ئارادایە ئەو دانیشتنە مەسەلەکان یەکلایی دەکاتەوە و هەردوولا پەرۆشن بۆ ئەو دانیشتنە".
ئیمینکی گوتیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان دەرگای دانوستانیان دانەخستووە و ئامادەیی دانیشتن و گفتوگۆیان تێدایە و دەیانەوێت لە رێگای گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، عەبدولستار مەجید گوتی: "پشتگیریکردنی پەرلەمان بۆ وەزارەتمان شتێکی گرنگ بوو، بە تایبەتی کە باسی گەنم کرا و ئێمەش لە هەوڵداین بۆ وەرگرتنی شایستەی پارەی گەنمی جووتیاران لە حکوومەتی عێراقی و لایەنی پەیوەندیدار لەوێ قسەمان کردووە و دوێنێش قسەم لەگەڵ ئەو لێژنەیە کردووە کە چوونەتە بەغدا باسی پارەی گەنمی جووتیارانی ساڵی ٢٠١٤ بکەن کە هەموو پارێزگاکانی عێراق وەریانگرتووە تەنها هەرێمی کوردستان وەرینەگرتووە".
عەبدولستار مەجید گوتیشی: "ئێستا لێژنەیەکی حکوومەتی عێراق لێرەیە و ئێمەش پێمان راگەیاندوون کە حکوومەتی عێراق زوڵمی لە هەرێمی کوردستان کردووە و باسی ئاسایشی خۆراک و ئاومان کردووە و ئێمە پڕۆژەیەکمان هەیە کە ناردوومانە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و هیوادارم کە ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریمان بکات بە تایبەت لەم بارودۆخەی ئێستا".
عەبدولستار مەجید ئاماژەی بە مامەڵەی خراپی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "دڵنیام ئەمساڵ حکوومەتی عێراق مامەڵەی خراپتر دەبێت لە چاو ساڵانی رابردوو. لە بواری ئاویش دڵنیام حکوومەتی بەغدا تووشی کێشەمان دەکات و ئومێدەوارم ئەمجارە بەرپرسیارانەتر بێینە سەر هێڵ و خەمی هاوووڵاتییان بخۆین".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، راشیگەیاند کە ساڵانە ٩٠٠ هەزار تۆن گەنم پێویستە و ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن گەنممان هەبووە. بەڵام مامەڵەی حکوومەتی عێراقی مامەڵەیەکی خراپ بووە".
سەبارەت بە ساخکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و بە بازاڕکردنیشیان لە وڵاتانی دەرەوە، عەبدولستار مەجید گوتی: "هەموو رێگایەکمان گرتووەتەبەر بۆ هەوڵدان بۆ بازرگانەکان بۆ ئەوەی بازاڕ لە دەرەوە بدۆزنەوە، هاوکات ئێمە بە حکوومەتی عێراقمان راگەیاندووە کە هەر لایەنێک پشتگیری وەزارەتی کشتوکاڵی هەبوو ئەوا پێویستە رێگرییان لێ نەکرێت لە هێنانی هەر بابەتێک بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، هەروەها سەبارەت بە وڵاتانی دەرەوەش لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی ئێرانی هەمان ئەو باسەمان ورووژاند و زۆر راشکاوانە گوتم ئەگەر ئێوە رێگری لەهەر بابەتێک بکەن کە بچێتە ناو خاکی ئێران سەرەڕای هەبوونی مەرجەکانی ئێوە، ئەوا ئێمەش هەمان کاردانەوەمان دەبێت و رێگا نادەین هەمان بابەت بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، مەبەستم ئەوەیە سەبارەت بە جووتیارانی خۆمان هەموو رێگایەکمان گرتووەتە بەر بۆ قازانجی جووتیاران و بەردەوام پشتگیری خۆمان دووپاتکردووەتەوە".