ئابووری, عێراق

لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێک ئامێر و کەرەستەی هاوردەکراوی کشتوکاڵی دەکرێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

Hawkar Yaseen  | 21.10.2020 - نوێکردنەوە : 21.10.2020
لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێک ئامێر و کەرەستەی هاوردەکراوی کشتوکاڵی دەکرێت

Arbil

هەولێر - AA

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتووە "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دا بە ئاستێکی مەترسیدار، کە هۆکارە سەرەکییەکەی پابەندنەبوونە بە رێکارەکانی خۆپاریزی و رێنمایی تەندروستی، بۆیە سەرۆکوەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە رێکارەکانی خۆپارێزیی و رێنمایی تەندروستی لە فەرمانگەکانی حکوومەت و شوێنە گشتییەکان زیاتر لەبەرچاو بگرن و توندتر بکەن، بە تایبەتیش کە پێشبینی دەکرێت بە هۆی هاتنی وەرزی زستان و سەرما، شەپۆلێکی دیکەی پەتای کۆرۆنا بڵاوببێتەوە".

دواتریش جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی دەربارەی (پرۆگرامی خزمەت) پێشکەشکرد، كە‌ لە‌كابینە‌ی پێشووە‌وە‌ دە‌ست بە‌كارە‌كانی كراوە‌‌، لە راپۆرتەکەیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا "ئامانجی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌، بریتییە‌ لە‌ باشتركردنی ئاستی ئە‌و خزمە‌تانەی كە‌ دامەزراوە جیاجیاکانی حكوومە‌ت، پێشكە‌شی ھاووڵاتییانی دە‌كات بە جۆرێکی ئاسانتر وخێراتر و پێداچوونەوە بەو رەسمانەی وەردەگیرێن لەبەرامبەر پێشکەشکردنی ئەو خزمەتانە، بۆ ئە‌وە‌ی گونجاوتر بێت و كە‌مكردنە‌وە‌ی رۆتین لە‌ رێکارەکانی راییکردنی مامەڵە لە دامودە‌زگاكانی حكوومە‌ت و گە‌یاندنی زۆرترین زانیاری بە‌ ھاووڵاتییان سەبارەت بە خزمەتەکان و پێداویستییەکانی بەجێگەیاندنیان، كە‌ ئە‌مە‌ بە‌شێكە‌ لە‌ خزمە‌تی بە‌دیجیتاڵكردنی كاروبارە‌كانی حكوومە‌ت".

گوتیشی "مە‌بە‌ستمانە‌ لە‌ڕێی ئە‌م بە‌رنامە‌یە‌وە‌، بە‌باشترین شێوە‌ خزمە‌تی ھاووڵاتییان بكە‌ین لە‌دامودە‌زگاكانمان تا ئە‌و ئاستە‌ی دە‌‌گاتە‌ خزمە‌تی یە‌ک پە‌نجە‌رە‌یی".

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا "ھە‌موو وە‌زارە‌ت و دامەزراوە‌كان، لە‌ژێر چاودێری سە‌رۆكایە‌تی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران، پێداچوونە‌وە‌ بكە‌ن بە‌ یاسا و رێنماییەکانیان بۆ ئاسانترکردن وشەفافترکردن و باشترکردنی کوالێتی پرۆسە و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە خزمەتەکان و پێداچوونە‌وە‌ش بە ‌رسوماتی ئە‌و خزمە‌تانە بكرێت‌".

جێگری سە‌رۆكوە‌زیران، قوباد تاڵەبانی ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا "پۆڕتاڵێک ھە‌یە‌ بەناوی پۆڕتاڵی خزمەت‌ لە‌ڕێی ئە‌م پۆڕتاڵەوە‌‌، ھاووڵاتییان دەتوانن زانیاری لە‌سە‌ر ئە‌و خزمە‌ت و ئە‌و مامە‌ڵە‌یە‌یان دە‌ستبكە‌وێت كە‌ مە‌بە‌ستیانە‌، ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی بۆ پە‌رە‌پێدان وجێبە‌جێكردنی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌ نیشاندا و پێشنیارەکانیش پەسندکران".

دواتریش ئەنجوومەنی وەزیران وەزیری بازرگانی و پیشەسازی راسپارد لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان ئاسانکاریی بۆ تۆماری لقی براندە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ھاندانی کەرتی تایبەتی بیانی تا بەشداری لە بووژاندنەوەی بازاڕ و ئابووری ھەرێمی کوردستان بکەن، دوور لە رۆتین و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم تۆماری لقی کۆمپانیا باوەڕپێکراوە جیھانیيەکان لە ھەرێم.

دواتریش لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، کەمال موسلیم راپۆرتێکی سەبارەت بە کێشە و گرفت و ئاستەنگەکانی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە خستەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاری پێویست لەوبارەیەوە راسپارد.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی پێشنیازێکی خستەڕوو بۆ لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێک ماددەی سەرەتایی کە لە دەرەوەی ھەرێمەوە ھاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکالییەکان کە لەناوخۆدا بەرهەم نایەت، ھەروەھا لێخۆشبوونی هاوردەکردنی ئامێری کشتوکاڵیی پێشکەوتوو لە رەسمی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا تایبەتمەندانەی کە ئامادەن ئەو ئامێرانە هاوردە بکەن و بە مەرجی ئاسان و بە شێوازی قیست بۆ جووتیارانی ڕاستەقینە دابین بکرێن.

لەو بارەیەوە بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران "رەزامەندی دا لەسەر پێشنیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ پشتگیریی جووتیاران و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆی راسپارد بە ھەماھەنگیی لەگەل وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کاری پێویست ئەنجام بدەن".

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران "بە گرنگی زانی کە پشتیگریی پیشەسازی کشتوکاڵیی بکرێت و هانی کەرتی تایبەت بدرێت بۆ دامەزراندنی بەرھەمھێنانی ئەو پێداویستیانە لە ناو ھەرێم لە جیاتی هاوردەکردنیان، وەک بنەمایەک بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın