Azat Muhammet
19 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2017
دهۆک -AA
دوای نیوەڕۆیی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونى، سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى لالش، شێخ شامۆ و بەڕێوەبەرى شارەدێى باشیک، زەنوون یونس و بەرپرسى لقى چواردەى پارتى لە مووسڵ عیسمەت رەجەب ژمارەیەک لە کەسایەتى دیکەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، سێیەم کۆنفرانسى بنکەى لالش تایبەت بە ئایندەى باشیک و بەحزان دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى لە چنگ چەکدارانى داعش لە شارى دهۆک بەڕێوەچوو.
سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى لالش، شێخ شامۆ کە هاوکات ئەندامى پەرلەمانى کوردستانیشە لە سێیەم کۆنفرانسى بنکەى لالش لە شارى دهۆک گوتى: "پێش پەلامارى داعش باشیک و بەحزان شوێنى ئاشتى و پێکەوە ژیانى هەموو پێکهاتەکان بوو، چەندین ساڵە پێکهاتەى ئێزدى، موسلمان و کریستیان، کورد و عەرەب تەواوى پێکهاتەکانى دیکە بەتەبایی پێکەوە دەژیان، ئێستاش هەموو پێکهاتەکانى ناوچەکە ئامادەن لەژێر سێبەرى ئاڵاى کوردستان دەست بە پێکەوە ژیان بکەنەوە".
شێخ شامۆ گوتیشى: "لە ئێستادا هاووڵاتییانى دەشتى نەینەوا بە تایبەتى شارەدێى باشیک و بەحزان بە هەموو توانایەکیان ئامادەن بۆ سەرخستنى پڕۆسەى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان، هەموو هاووڵاتییان دووپاتى دەکەنەوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر هەرێمى کوردستان، لە ریفراندۆمیشدا بە"بەڵێ"دەنگ دەدەن، ئێمەیش بۆ هەموو لایەک ئاشکراى دەکەین ریفراندۆم گەڕانەوەیە بۆ راى گەل، بۆیە دەبێت لەو رۆژەدا هەموو هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بە ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکانى وەک باشیک و بەحزان و تەواوى ناوچە کوردستانییەکانى دەروەى ئیدارەى هەرێم بڕیار لەسەر ئایندەى خۆیان بدەن".
سەرۆکى دەستەى باڵاى بنکەى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى لالش داواى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق و وڵاتانى زڵهێز کرد کە پێکەوە لە بەرنامەیەکى هاوبەشدا کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەى ئەو ناوچانە بکەن کە بەهۆى شەڕى داعشەوە وێران بوون، تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان، چونکە ناوچەى باشیک ناوچەیەکى ستراتیژ و گرنگە هەم لە رووى بازرگانى هەمیش لە رووى کۆمەڵایەتى و سیاسى، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە دووبارە بنیاتنانەوەى ناوچەکە".
"باشیک کوردستانێکى بچووکە".
هەر لە سێیەم کۆنفرانسى بنکەى لالش بەرپرسى لقى چواردەى پارتى دیموکڕارت کوردستان لە مووسڵ، عیسمەت رەجەب ئاماژەى بە گرنگى سنوورى شارەدێى باشیکدا و گوتى: "باشیک و بەحزان دوو ناوى زۆر جوانن، لەم ناوەندى شارەدێى باشیک ٤٣ هەزار کەس تێیدا دەژین ٧٨ لە سەدى کوردى ئێزدین، ١٤ لە سەدى کوردى موسلمانن و ٨ لە سەدى کریستیانن، ئەمە هاوشێوەى هەرێمى کوردستانە، بۆیە دەتوانین بڵێین باشیک کوردستانى بچووکە، هەڵبەت کوردستانێکى بچووک، نەک عێراقێکى بچووک، چونکە ئەو پێکەوە ژیانەى لە هەرێمى کوردستان بەدى دەکرێت، لەهیچ شارێکى عێراق بەدى نەکراوە".
گوتیشى: "باشیک شارێکى پیشەسازییە و پشت بە داهاتى خۆى دەبەستێت و پشت بە هیچ کەس و لایەنێک نابەستێت، هەروەها لەسەر ئاستى عێراق شارێکى نموونەییە بۆ پێکەوەژیان، چونکە چەندین ئایین و نەتەوە بەبێ بوونى هیچ کێشەیەک ساڵەهاى ساڵە پێکەوە دەست لە ناو دەست دەژین، باشێک بەبێ پێکهاتەکانى باشیک نیە، ئەگەر ئەو شارەدێیە ئێزدى تێدا نەبێت یان موسلمانى تێدا نەبێت یانیش کریستیانەکانى تێدا نەبێت، پێناسەى باشیک تەواو ناکەن".