Azat Muhammet
07 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2016
دهۆک - AA
دواى سەرکەوتنى دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتى ئەمریکا لە تەواوى جیهان کارى زۆر سەیر و سەرنجڕاکێش روویاندا بە ناوى ترەمپەوە. لە هەرێمى کوردستان پێش چەند رۆژێک هاووڵاتییەکى دهۆک منداڵێکى خۆی ناونا ترەمپ و لە هەمان شاردا ئەمڕۆ چێشتخانەیەک بەناوى ترەمپ کرایەوە.
لە شاری دهۆک چێشتخانەیەک بەناوى سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ کراوەتەوە، لەپێش دەرگاى چێشتخانەکە هاووڵاتییان بە تایبەت گەنجان کۆمەڵ کۆمەڵ وێنەى سێلفى لەگەڵ تابلۆى چێشتخانەکە دەگرن و بە شتێکى سەرنج راکێشى دەزانن.
خاوەنى چێشتخانەکە، نادیار حسێن زاویتەیی بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو باسى لە بیرۆکەى کردنەوەى چێشتخانەى ترەمپ لە دهۆک کرد و گوتى: "هەر لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکان زیاتر وەک کەسێکى بازرگان دەرکەوت بۆیە سەرسامى کەسایەتییەکەى بووم، دواى سەرکەوتنى لە هەڵبژاردنەکان بڕیارم دا چێشتخانەیەک بەناوى ترەمپ بکەمەوە، لەو رۆژەوە ئامادەکارى کردنەوەى ئەم چێشتخانەیە دەکەم، تا ئەمڕۆ کارەکانى تەواو بووە و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانمان بکەن".
خاوەنى چێشتخانەکە گوتیشى: "خاڵێکى دیکەى گرنگ کە زیاتر هانی دام چێشتخانەیەک بە ناوى ترەمپى سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا بکەمەوە، ئەویش ناوهێنانى کورد لەلایەن ترەمپ وەک نەتەوەیەکى میهرەبان و ناوهێنانى پێشمەرگە بوو بە هێزێکى قارەمان و تێکۆشەر، ئەمە وەکو هەستێکى نەتەوەیى دەڵێم، نەک بابەتێکى سیاسى. هیچ مەبەستێکى سیاسى لە پشت کردنەوەى چێشتخانەى ترەمپەوە نییە".
زاویتەیی لەبارەى بۆچوونى هاووڵاتییانەوە دەڵێت "تا ئێستا لەلایەن هاووڵاتییانى هەرێم و دانیشتووانى شاری دهۆک بەهیچ شێوەیەک رووبەڕووى رەخنە نەبوومەوەتەوە کە بڵێن بۆچى ئەو ناوەم هەڵبژاردووە یان بڵێن بۆچى چێشتخانەکەت بە ناوى کەسێکى غەیرە موسوڵمان کردووە، بەڵکو بە شتێکى جێگەى رێز دەزانن، ناوە ناوەش خەڵکى زیاتر روو لە چێشتخانەکە دەکات، بەڵام هەندێک هاووڵاتى عەرەب لە عێراق رەخنەیان لێگرتووم بەهۆى کردنەوەى چێشتخانەکەم بەناوى ترەمپ".
خاوەنى چێشتخانەى ترەمپ دەشڵێت "هیوادارم سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هاوکارى هەرێمى کوردستان بکات و بەرگرى لە مافە رەواکانمان بکات. هاوکار و یارمەتیدەرى هێزەکانى پێشمەرگە بێت. بەو ئومێدەین ماوەى سەرۆکایەتی ترەمپ ببێتە مایەى خێر بۆ هەرێمى کوردستان، چونکە ئێمە چەندین ساڵە قوربانى دەدەین بۆ ئەوەى سەربەخۆیی بە دەست بهێنین".
سەبارەت بە تایبەتمەندى چێشتخانەى ترەمپ، نادیار حسێن زاویتەیی ئاماژەى بەوەدا کە لەو چێشتخانەیە تەنها گۆشتى ماسى بۆ ئامادەبووان ئامادەکرێت، ماسییەکانیش زیندوون و هەر کەسێک کە سەردانى چێشتخانەکە دەکات خۆى هەڵیدەبژێرێت و داوا دەکات ماسییەکەى لە جۆرى دیاریکراو بۆى دروست بکرێت.
لە دەرەوە چێشتخانەى ترەمپ، چەندین وێنەى سەرۆکى هەڵبژێردرواى ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ وەک تابلۆى چێشتخانەکە هەڵواسراوە و، لە ناوەوەى چێشتخانەکە چەندین دارى وشککراوە بەردەوام دەسووتێندرێن و ماسییەکانى پێ ئامادە دەکرێت، لە ناوەڕاستى ئاگرەکەیشدا بۆشاییەک بۆ چەند قۆرییەکى چا ریز کراون، هەرچەند چێشتخانەکە بە ناوى سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا ناونراوە، بەڵام مۆرکێکى کوردەوارى لە چێشتخانەکە بەدی دەکرێت.
ئافرەتێک بە ناوى دیار پاشا ئامێدى لەگەڵ هاوڕێیەکى لە چێشتخانەى ترەمپ خەریکى چێشت خواردن بوون ئەو ئافرەتە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "من یەکەمجارمە بێمە ئەو چێشتخانەیە، دواى ئەوەى من و هاوڕێکەم لە دەوام تەواو بووین بڕیار بوو سەردانى چێشتخانەیەک بکەین، زۆر شوێن گەڕاین و چێشتخانەى زۆرمان بینى، بەڵام کە بینیمان نووسراوە چێشتخانەى ترەمپ، راستەوخۆ سەرنجى راکێشاین و هاتووین بۆ ئەم چێشتخانەیە، بە شتێکى جوانى دەزانم کە چێشتخانەیەک بە ناوى سەرۆکى یەکێک لە زڵهێزترین وڵاتانى جیهان بکرێتەوە، هەستێکى خۆشمان هەیە بەم کارە".