Heman Hussein Yaseen
04 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2022
ههولێر - AA
ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوە و ھەماھەنکیی نێودەوڵەتی ئیتاڵیا مارینا سێرێنی کرد.
بەپێی راگەیاندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق ماوریتزۆ گرێگانتی ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە، ھەوڵەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرا.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە، جێگری وەزیری دەرەوە و ھەماھەنگیی نێودەوڵەتی ئیتاڵیا، باسی لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان وڵاتەکەی و ھەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و وەبەرھێنان دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا ئەوەش ھاتووە کە، مارینا سێرێنی ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێیی سەردانی سەرۆکوەزیران ھەرێمی کوردستانن بۆ ئیتاڵیا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە دەرفەتێکدا کە گونجاو بێت بۆ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە مەسرور بارزانی سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئیتاڵیای کرد بۆ ھێزی پێشمەرگە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ھەروەھا خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ فراوانکردنی ھەماھەنگیی و ھاریکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیتاڵیا لە ھەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.