Heman Hussein Yaseen
04 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی نێوان شاندی کۆنگرێسمانی ئەمریکی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا هەردوولا تیشکیان خستەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و جەختیان لەسەر هەماهەنگی و پشتیوانییەکان کردەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، کۆنگرێسمان ئادەم سیمس گوتی: "ئێمە پشتگیری ھیچ سیاسەتێکی سەرۆک ترەمپ ناکەین لە بارەی کشانەوە لە سووریا و لە کۆنگرێسیش دژایەتی ئەو بڕیارەمان کرد و، ئەمریکا ھەمیشە پشتیوانی کوردی کردووە، دەمەوێت بە روونی بڵێم، ئیدارەی ترەمپ خەریکە پاشگەز دەبێتەوە و ئێمە دەمانەوێت ئەو متمانەیە بگەڕێنینەوە کە لەدەستمان داوە لە رابردوودا".
ئادەم سیمس گوتیشی: "دەمەوێت بە روونی بڵێم، سەرۆک ترەمپ زۆر ھەڵەیە لەوەی دەڵێت، ئێمە تەنیا ئامانجمان کێڵگە نەوتییەکانە، بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە گرنگە ئەو کێڵگانە نەکەونە دەست داعش و ئەوە نەوتی ئێمە و ناوچەی ئێمە نییە و دەبێت سەرۆک ترەمپیش لەوە تێبگات. ئێمە بۆ نەوت لەوێ نین و ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەو ناوچەیە باش بێت".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا دەبارەی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: "لەسەر هەموو ئەو پەیوەندییانەی ئێمە و ئەمریکا قسەمان کردووە و ئەمریکا بە هاوپەیمانێکی نزیکی خۆمان دەزانین و ئەوانیش پەیمانییان دووپاتکردەوە لەم بوارەوە".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئێمە باسی ئەوەشمان کرد، کە چۆن دەتوانین بەیەکەوە ھاوکار بین بۆ دژایەتی تیرۆر و ئێمە باسی ئەوەمان دەکرد، چەندە نیگەرانیین لەو رەوشەی لە ناوچەکە ھەیە و ئەوانیش ھاوڕا بوون لەگەڵ ئێمە لە زۆربەی ئەو بابەتانە و بە ئێمەیان وتووە، وەکو ھاوپەیمان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی ھەرێمی کوردستان".
لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقیش، مەسرور بارزانی گوتی: "لە دەستووردا باسی ئەوە کراوە کە هەر بەندێک ئەگەر پیویست بێت ئەوا بەپێی میکانزیمێک دەبێت کە ئەگەر سێ پارێزگا لەسەر بەندێکی دەستوور رازی نەبن ئەوا تێناپەڕێت، ئێمەش پابەندی خۆمان لەسەر ئەو میکانیزمانەی لەدەستووردا هاتووە دووپاتدەکەینەوە".