عێراق

مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت ناوزه‌دکرا

- له‌ دانیشتنی ئاسایی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان، مه‌سرور بارزانی به‌ 87 ده‌نگ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م ناوزه‌دكرا.

Hemn Baban  | 11.06.2019 - نوێکردنەوە : 12.06.2019
مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت ناوزه‌دکرا

Arbil

ھەولێر - AA

کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڤالا فەرید و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ھێمن ھەورامی و سکرتێری پەرلەمان، مونا قەھوەچی دانیشتنی ژمارە (٨)ی ئاسایی خولی بەھارەی لە ساڵی یەکەمی خولی پێنجەمی ھەڵبژاردن سازدا.

بەرنامەی کاری دانیشتنەکە بریتی بوو لە دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ھەرێمی کوردستان بەپێی بڕگە (٣) لە ماددەی (٥٦)ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو.

دوای خوێندنەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە و کۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوی ئەندامانی ئامادەنەبوو و مۆڵەتپێدراو لە لایەن سکرتێری پەرلەمان، مونا قەھوەچی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای لە لیستی براوەی ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بخەنە روو.

دواتر لە لایەن سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد خۆشناو، مەسرور بارزانی وەک کاندیدی لیستی براوەی ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراو و لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە خرایە دەنگدانەوە و لە کۆی ٩٧ ئەندامی ئامادەبوو بە ٨٧ دەنگ بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ناوزەدکرا.

بەشێک لەوانەی دەنگیان بە ناوزەدکردنی مەسرور بارزانی نەدا ئەندامانی فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی بوون کە بەشێکشیان ھەر ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.

ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بژار کۆچەر رایگەیاند "ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ژمارە ھەشتی ئاسایی خۆی بەڕێکرد کە بەپێی بڕگەی سێی ماددەی ٥٦ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ھەموارکراوی ساڵی ١٩٩٢ بەڕێز مەسرور بارزانی وەکو کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی نێو پەرلەمان کە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و دواتر سەرۆکایەتی خستییە دەنگدانەوە و لە کۆی ٩٧ پەرلەمانتاری ئامادەبوو ٨٧ پەرلەمانتار دەنگییان بە بەڵێ دا بۆ کاندیدەکەمان".

بژار کۆچەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی بڕگەی یەکەم لە ماددەی یەکی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٤ پێویستە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەرسومێک بۆ تەکلیفکردن لە مەسرور بارزانی دەربکات بۆ ئەوەی لە میانی ٣٠ رۆژدا کابینەی خۆی بخاتە بەردەم پەرلەمان".

بژار کۆچەر لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو ماوەیە واتە لەو مانگەدا مەسرور بارزانی دەتوانێت کابینەی نۆیەم پێکبھێنێت یان نا گوتی: "ئەو ماوەیە باشە بۆ ئەوەی کابینە پێکبھێنرێت، پێشتر کۆبوونەوەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە کابینەکە بەڕێوەچوو و ھەموو لایەنەکان ئیستیحقاقی خۆیان دەزانن و پێموایە لەو ماوەیە بتواندرێت کابینەکە پێکبھێنرێت، ھیوادارم لایەنەکان ھاوکاربن و رێگریی دیکە دروست نەکەن بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەم، چونکە خەڵکی چاوەڕوانیی ھەیە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن