Hemn Baban
04 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2018
ھەولێر-AA
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نزیک بە ٤٠ رۆژە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاندووە، بەڵام ھێشتا پەرلەمانی کوردستان کەسێکی دیکەی بۆ ئەو پۆستە ھەڵنەبژاردووە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تەلار لەتیف لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە روونکردنەوەی دا و رایگەیاند "تاوەکو ئێستا دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە. راستە ئەو دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی پێشکەشکردووە، بەڵام لە رووی یاساییەوە ھێشتا دەست لەکارکێشانەوەکەی قبووڵ نەکراوە، دەبێت دەستلەکارکێشانەوەکەی بێتە ناو ھۆڵی پەرلەمانەوە و پاش ئەوە قبووڵ دەکرێت یان نا. لە ئەگەری ئەوەی دەستلەکارکێشانەوەکە قبووڵ بکرێت لەبەر ئەوەی گۆڕان بڕیاری ئەوەی داوە لە پەرلەمان و حکوومەت بکشێتەوە ئەو کاتە بە پێی ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت".
تەلار لەتیف لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتیشی: "ئێمە راستە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێشتا موفاتەحەی ئەو مەسەلەمان نەکردووە و قەسەمان لەسەر ئەو پۆستە نەکردووە، لەبەر ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ھێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام پاش یەکلایی بوونەوەی پۆستەکە، ئێمە قسە لەسەر ئەو پۆستە دەکەین و بە ئیستیحقاقی ھەڵبژاردنی خۆمانی دەزانیین و دەبێت لە دوای گۆڕان ئێمە ئەو پۆستە وەربگرین".
بە ھۆی کێشە سیاسییەکان و ناکۆکییەکان لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ رێگە بە یوسف محهمهد نەدرا بێتە ناو ھەولێر و بەو پێیە لەو کاتەوە پەرلەمانی کوردستان پەکخرا. لە ١٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ پاش پتر لە دوو ساڵ لە پەکخستنی، پەرلەمان کارا کرایەوە بە بێ سەرۆکەکەی کە لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ دەستی لەکارکێشایەوە پاش کەمتر لە ھەفتەیەک لە کشانەوەی حزبەکەی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
لەبارەی گەیشتنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر یوسف محەمەد و نەخستنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە، ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "بە راستی ئەوە پرسێکە پەیوەندیدارە بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە، بەڵام لە رووە یاساییەکەوە ھەر کاتێک ئەو پرسە ھاتنە ناو پەرلەمانی کوردستانەوە و دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆکی پەرلەمان قبووڵ کرا، پەرلەمان یەک دانیشتن دەتوانێت ئامادەیی ھەبێت ئەو کاتەش ئەو دانیشتنەش بۆ ھەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ".
تەلار لەتیف سەبارەت بە گەیشتنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی دکتۆر یوسف محەمەد سادق ئاماژەی بەوەدا کە زانیاریی لەسەر نییە و پەیوەستە بە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە.
لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکانی خۆی دەبەستێت و بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان درێژەی بە کارەکانی خۆی دەدات، ھەروەھا پاش دەستلەکارکێشانەوەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستانیش سکرتێرێکی نوێ لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردرا.
لەبارەی ئەوەی نەبوونی سەرۆک کێشەی بۆ ئیشوکارەکانی پەرلەمان دروست بووە تەلار لەتیف گوتی: "لەماوەی رابردوودا، بە ھۆی پرسە سیاسییەکانەوە کێشە بۆ سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمان بەگشتی دروست بوو، چونکە تەنھا داخستنی پەرلەمان نەبوو، بەڵکو ھۆکارەکەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بوو، بەڵام پاش ئەوەی بە پێی یاسا دەسەڵاتەکان لە سەرۆکی ھەرێم وەرگیرایەوە و بەسەر دەسەڵاتەکان دابەش کرا ئێستا کێشەی پرسی واژووکردن لەسەر بڕیار و یاساکان نەماوە و بەردەوامیین لەسەر کارە یاساییەکانی خۆمان و ئیشەکان کێشەیان نییە، بەڵام لەکاتی قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوە بەڵێ دەبێتە گرفت و دەبێت دەستەی نوێ ھەڵبژێردێت".