ھەولێر - AA
بەپێی ئامارەکانی بەردەستی راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی ١٠٤ دانیشتن، ٩٦ دانیشتنیان ئاسایی بوون و پێنج دانیشتنیشیان نائاسایی.
- "لەم خولەدا پەرلەمانی کوردستان، ١٠٤ دانیشتنی ئەنجامداوە، خوێندنەوە بۆ ٢٠٦ پڕۆژەیاسا کراوە و ٣١ یاساشی پەسەندکردووە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بەرەو کۆتاییەکەی دەچێت، ئامارەکانی ئەم خولە لەڕووی یاسا و پڕۆژەیاسا و دانیشتنەکانەوە چین؟
تاریق جەوھەر: ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجامدرا و یەکەم دانیشتنی دەستپێکی خولەکە لە شەشی تشرینی دووەم ئەنجامدرا و بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد، دواتر لە مانگی نیسانی ٢٠١٤دا یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بەڕێوەچوو کە تیایدا دەستەی نوێ بەسەرۆکایەتی یوسف محەمەد و جەعفەر ئیمنیکی و سکرتێریش ھەڵبژێردران.
پەرلەمانی کوردستان سێ ئەرکی سەرەکیی ھەیە ئەوانیش یاسادانان، متمانەپێدان بە حکوومەت و چاودێریکردنی لەگەڵ پەسەندکردنی ساڵانەی بوودجەی ھەرێمی کوردستان، لەو رووەوە لەماوەی ٢٠١٤ تاوەکو ئەمڕۆ کە ساڵی ٢٠١٨یە لەو سێ ئەرکە بەپێی ئامارەکان دەیانخەینە روو.
بەپێی ئامارەکانی بەردەستی ئێمە پەرلەمانی کوردستان لە میانی ئەو پێنج ساڵەدا لە ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٨ ژمارەی ئەو دانیشتنانەی ئەنجامیداون بریتی بوون لە ١٠٤ دانیشتن، لەو ژمارەیە ٩٦ دانیشتنیان دانیشتنی ئاسایی و پێنج دانیشتنیشیان نائاسایی بوون، ھەروەھا چەند دانیشتنێک لەو دانیشتانەی ئەنجامدراون بەتایبەت لە دووساڵی کۆتایی واتە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ دانیشتنی داخراو و نھێنی بوون، بەتایبەت لەسەر داوای ئەندام بە ھۆی ھەستیاریی بابەتەکانەوە، ھەر لە ماوەی ئەم خولەدا نزیکەی ٢٠٦ پڕۆژەیاسا خوێندنەوەیان بۆ کراوە، لەو ژمارەیە ٣٣ پڕۆژەیان بوون بەیاسا، بەڵام لەو ژمارەیە دووانیان گەڕێندراونەتەوە بۆ پەرلەمان و یەکێکیان یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای خۆپیشاندانە لە ھەرێمی کوردستان کە لە ٢٠١٤ ھەموارکرایەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەو کات رەتیکردەوە و ناردییەوە بۆ پەرلەمان، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٨ش یاسای چاکسازی کە لە پەرلەمان پەسەندکرا و دواتر پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان رەتیانکردەوە، بۆیە ھەردوو پڕۆژەکە پێویستیان بەوە ھەیە لە لایەن پەرلەمانەوە بخرێنەوە نێو بەرنامەی کار و دانیشتنی بۆ بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، چونکە دوا بڕیار بڕیاری ئەندامانی پەرلەمانە، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ ئەم دوو پڕۆژەیاسایە ھیچ رێککارێکی لەو شێوەیە نەکراوە، بۆیە دەتوانین بڵێن بەفەرمی ٣١ یاسا لەماوەی ئەم خولە پەسەندکراون و لە وەقائیعی کوردستان بڵاوکراونەتەوە.
یەکێک لە یاسا گرنگەکانی ئەم خولە بریتی بوو لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و ھەموارکردنەوەی، ھەروەھا یاسای سندوقی داھاتە نەوتییەکان، ھەروەھا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگیش لەو ماوەیە دەرچوون لەنێویاندا، ناردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ ھاوکاریکردنی دانیشتوانی کۆبانێ بەدیاریکراوی کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی نێودەوڵەتی بۆ یەکەمجار بوو بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان ھێزی پێشمەرگە ھاوکاریی کۆبانێ بکات و ئەمەش بڕیارێکی گرنگ بوو، ھاوکات سوپاسی تورکیاش دەکرێت کە بواری دا پێشمەرگە وەکو بەشێک لە ھێزی ھاوپەیمانان پشتیوانی بکەن لە کۆبانێ لەدژی داعشدا.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی بڕیارەکان؟
تاریق جەوھەر: سەبارەت بە بڕیارەکانیش، ٥٨ بڕیار لە میانی ئەم خولەدا لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوون، ھەندێکیان بڕیاری ئیداریی نێو پەرلەمانن، ھەندێکیشیان بڕیاری دیکەن لە نێوانیاند بڕیاری گرنگی رەوانەکردنی ھێزەکانی پێشمەرگەیە بۆ کۆبانێ.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆچی ئەو ژمارە کەمەی یاسا پەسەندکراوە، لەکاتێکدا خوێندنەوە بۆ ٢٠٦ پڕۆژەیاسا کراوە؟
تاریق جەوھەر: لە بنەچینەدا رەنگە لەو ژمارەیە زیاتر لە پڕۆژەیاسا لە لایەن پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان و لێژنەکان ھەبووبێت، بەشێکی ئەو پڕۆژانە لە لایەن حکوومەتەوە رەوانە کراوە، بەشی ھەرە زۆریشی لە لایەن پەرلەمانتارانەوە بووە، نزیکەی ٢٠٠ لەو پڕۆژە یاسایانەی ھەن کە لەسەر سایتی پەرلەمانی کوردستانیش دەقەکانیان ھەن.
لەبەرامبەر ئەو ٢٠٦ پڕۆژەیاسایەی خوێندنەوەیان بۆ کراوە ٣١ پرۆژەیاسا پەسەندکراون ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند ھۆکارێک، لەنێویاندا بەداخەوە بۆ ماوەی دووساڵ پەرلەمان پەکخرا، ئەوەش بە ھۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان ھێزە سیاسییەکان، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان لەو دووساڵە پەکنەخرابا من دڵنیام ئێستا ژمارەی یاسا پەسەندکراوەکان دەگەیشتنە ٦٠ بۆ ٦٥ یاسای پەسەندکراو، ھەروەھا ژمارەی دانیشتنەکانیش زۆر زیاتریش دەبوون.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی لەبارەی ئەرکی چاودێریکردنەوە، پەرلەمانی کوردستان چی کردووە؟
تاریق جەوھەر: سەبارەت بە ئەرکی چاودێریی پەرلەمان بەسەر حکوومەتەوە، ئایا پەرلەمان توانیویەتی لەمبارەیەوە ئەرکەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێت؟، بەدڵنیاییەوە ئەمە پێویستی بە توێژینەوە ھەیە، بەڵام بەگشتی پەکخستنی پەرلەمان و قوڵبوونەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەریی کردە سەر ئەدای پەرلەمان و ئەدای لێژنەکانی پەرلەمان لە پڕۆسەی چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەردەوام بوون لە چاودێریکردنی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت و لێپرسینەوە لە بەرپرسەکان کە ئەمەیان زۆر کەمتر لەم خولەدا بەرچاو دەکەوێت و وەزیری حکوومەت زۆر کەمتر ھاتوونەتە پەرلەمان بەراورد بە خولەکانی رابردوو، تەنانەت لە خولی سێیەمدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی پەرلەمان، سەرۆکوەزیران و دوو لە وەزیرەکان لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بانگھێشتی پەرلەمان کران و بۆ پرسیارکردن و لێپرسینەوە و موحاسەبەکردن، تەنانەت متمانە لێوەرگرتنیشیان خرایە دەنگدانەوە، بەڵام دواجار توانییان متمانەی پەرلەمان بەدەست بھێننەوە، بۆیە ئومێد دەکەین کە لە خولی پێنجەمدا پەرلەمان بتوانێت لە ئەرکی چاودێریکردن و داڕشتنی یاسا کارەکانی باشتر جێبەجێ بکات.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پەرلەمانی کوردستان لەم خولەدا ھیچ پڕۆژە بوودجەیەکی ئەو پێنج ساڵەی گفتوگۆ نەکردووە، بۆچی؟
تاریق جەوھەر: ھەرچی سەبارەت بە بوودجەیە ئەوا پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە ئەرکی خۆی لەمبارەیەوە جێبەجێ بکات، تا ئێستا لە مێژووی پەرلەماندا بۆ یەکەمجارە بوودجەی ھەرێمی کوردستان نایەتە پەرلەمان. لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ کە ئەوە پێنج ساڵ دەکات بوودجە ناھێنرێتە پەرلەمان، پێنج ساڵە یەکەمجارە پەرلەمان بوودجە گفتوگۆی لەسەر ناکات، ھۆکارەکەشی دیارە، بەشێکی بە ھۆی قەیرانی دارایی، ھەروەھا بڕینی بوودجەی ھەرێمی کوردستانە لە لایەن بەغداوە، شەڕی داعش کە پارەیەکی زۆری بۆ تەرخانکرا، بۆیە ئەمە وایکرد دڵڕاوکێ و گەندەڵی و ناشەفافییەت زیاتر ببێت، چونکە پەرلەمان نەیتوانیوە لەو ماوەیە ساڵانە بزانێت خەرجی و داھاتەکان چۆنن و بەدواداچوون بکات لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و چاودێری دارایی و ھەموویان رۆڵیان ھەبێت لە کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی لە ھەرێم .
بۆیە ئەگەر بەراوردی بکەین، خولی چوارەم لەگەڵ خولەکانی پێش خۆی لەھەر سێ ئەرکەکەیدا نەیتوانیوە وەکو پێویست ھاوشانی خولەکانی دیکە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەندامانی پەرلەمان خراپ بوون یان لەو ئاستەدا نەبوون، یان گلەییەکە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بێت، بەڵکو گلەییەکە زیاتر لە حزبە سیاسییەکانە کە نەیانتوانی کێشەکانی ھەرێم چارەسەر بکەن و قوڵبوونەوەی کێشەکانی حزبە سیاسییەکان کاریگەریی خراپی کردە سەر ئەدای پەرلەمانی کوردستان، بۆیە نەیتوانی موحاسەبە و موسائەلەی حکوومەت و بەدواداچوون بۆ کارەکانی بکات و نەیتوانی بوودجە و خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم ساڵانە لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، بۆیە تەنانەت لە دەرچواندنی پڕۆژەیاساکانیشدا وەکو پێویست نەیتوانی ئەرکەکانی خۆی لەوبوارە جێبەجێ بکات، یەکێک لەو کارە گرنگانەی لە خولی چوارەم کارمان لەسەرکرد پرسی نووسینەوەی پڕۆژە دەستووری ھەرێمی کوردستان بوو، ئەم پڕۆژەیە لێژنەیەکی پەرلەمانی بۆ پێکھات و سێ مانگی بۆ دیاریکراو نوێنەری ھەموو حزبە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی تورکمان، کلدن سریان ئاشوور، ئێزدی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش، بەڵام ئەوان کارەکانی خۆیان تەواونەکرد و پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمان پەکخرا، بۆیە ماوەی یاسایی ئەو لێژنەیە کە سێ مانگ بوو کۆتایی ھات و لێژنەکە کەسێک نەبوو ماوەکەی بۆ درێژبکاتەوە، چونکە پەرلەمان پەکخرابوو، بۆیە ئێمە لەو خولە یان لەو پێنج ساڵە نەمانتوانی ببین بەخاونی دەستووری ھەرێمی کوردستان، ھیوادارم خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٣٠ی ئەم مانگە ھەڵبژاردنی بۆ بەڕێوەدەچێت بتوانیین بە زووترین کات دەستوورێک بۆ ھەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی ئەو ئەرک و دەسەڵات و مافانەی لە دەستووری عێراق ھاتوون بنووسینەوە و بتوانین دامەزراوەکانی ھەرێم ئەرک و دەسەڵاتەکانیان لەیەکتر جیابکەینەوە و بەھەموو لایەک بتوانین ئیدارەیەکی سەرکەوتوو و نموونەیەکی دیموکراتی جوان لە ناوچەکە پێشکەش بکەین.
- "ئەگەر ھەڵبژاردن دوابخرێت پەرلەمانی کوردستان دوای پێنجی ئەیلوول دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە"
ئاژانسی ئانادۆڵو: سەبارەت بە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکوومەت و وەزیرەکان ئامارەکان؟
تاریق جەوھەر: سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت چەند جارێک ھاتوون بۆ پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی و لێژنەکان و کۆبوونەوە کراوە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەیت بە خولەکانی پێشوو ئامارەکان ناگەنە پێشوو. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەپێچەوانەوە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەت و پەرلەمان لاکەوت و درز و بۆشایی تیادا دەرکەوت و پەیوەندییەکە ئاسایی نەمایەوە بە شێوەیەک وەزیرەکانیش نەدەھاتنە بەردەم لێژنەکان کە پێویستییان پێیان بوو، ئەمەش ھۆکارەکەی بۆ قوڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە، ھەروەھا کاریگەریی حزبی لەسەر بیرکردنەوەی ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکانیش وایکرد ھیچ وەزیرێک لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرێت لەم خولەدا.
بۆیە لە خولی سێیەمدا مەسەلەی موحاسەبەکردن و بوودجەش لە ھەموو خولەکانی دیکە بەھێزتربوو، شەفافەت تر بوو، چونکە ئۆپۆزسیۆن ھەبوو، ھەروەھا مەسەلەی ئازادی کاری میدیای لە خولی دووەمی پەرلەماندا لە مێژووی پەرلەمان باشترین کرانەوە بەڕووی میدیا ھەبووە. لە میانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٩ ھەموو دانیشتنێک لەبەردەم راگەیاندنکاران کراوەبوو.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پەرلەمانی کوردستان ھیچ دانیشتنێکی دیکە ئەنجام دەدات یان نا؟
تاریق جەوھەر: تاوەکو ئێستا گفتوگۆییەک لە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان ھەیە بۆ ئەوەی پەرلەمان تا شەشی ئەیلول دانیشتنێک ئەنجام بدات، ئەوەشی من ئاگادارم رەنگە زیاتر گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای ھەموارکردنی یاسای بەرنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە ئەو یاسایە کە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە دەرچووە ساڵانە یان دووساڵ جارێک درێژ دەکرێتەوە، ئێستا بارودۆخی ھەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە بەردەوامە بۆیە درێژدەکرێتەوە، بۆیە یاساکە ئێستا پێویستی بەھەموارکردنەوە ھەیە و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
بەپێی یاسا پەرلەمانی کوردستان وادەکەی ١٠ مانگ درێژکرایەوە کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستیپێکردووە و ئێستا نزیک دەبینەوە لە کۆتاییەکەی و لە شەشی ئەیلوول کۆتایی پێ دێت، بۆیە ئەگەر ھەڵبژاردن نەکرێت ئەوا دەبێت پەرلەمان وادەی خۆی درێژ بکاتەوە، ئەگەر ھەڵبژاردنیش بکرێت ئەوا پێویست بەدرێژکردنەوە ناکات. لە پێنجی ئەیلوول بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەکات و کاندیدەکان و حزبەکان و کۆمیسیۆنیش خۆیان ئامادەکردووە کە ٢٩ ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ ھەڵبژاردن، بڕیاری دواخستنیش لە دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیراندایە.
ئەگەر ھەڵبژاردن نەکرێت ئەوا پەرلەمان دەبێت وادەی یاسایی خۆی درێژ بکاتەوە، ئەگەرنا دوای پێنجی ئەیلوول پەرلەمان دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: قسە ھەبوو لەسەر کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە گوایە بەپێی ژمارەی دانیشتوان و بەراورد بە پەرلەمانی عێراق زۆرن، لەمبارەیەوە ھیچ ھەیە؟
تاریق جەوھەر: تاوەکو ئێستا ھیچ پڕۆژەیاسایەک پێشکەش نەکراوە بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان کەمبکرێتەوە، بەڵام بۆچوونێک ھەبوو کە بەپێچەوانەوە ھەندێک فراکسیۆن پێیان وابوو ھەندێک کورسی کۆتا زیاتر بکرێت بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، ھەروەھا بۆچوونێک ھەبوو کە کۆتاکان پێداچوونەوەیان پیادا بکرێت و لیستی ناوی تۆماری دەنگدەران بۆ پێکھاتەکان خۆیان بکرێتەوە و خۆیان ئەو کورسییانەی خۆیان یەکلایی بکەنەوە، بەڵام بەڕەسمی ھیچ پڕۆژەیەک بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان پێشکەش نەکراوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: چەند پەرلەمانتار دەستیان لەکارکێشاوە و یان حەسانەیان لێ وەرگیراوەتەوە یان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە؟
تاریق جەوھەر: لەم خولەی ئێستای پەرلەمان ھیچ فەرمانێکی دەستگیرکردن بۆ ھیچ پەرلەمانتارێک دەرنەکراوە و لە پەرلەمانەوە حەسانە لە ھیچ پەرلەمانتارێک وەنەگیراوەتەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتار لەنێویاندا سەرۆکی پەرلەمان، دکتۆر یوسف و سکرتێرەکەی کاک فەخرەددین قادر بەڕەسمیی دەستییان لەکارکێشایەوە، چەند پەرلەمانتارێکی دیکە دەستیان لەکارکێشایەوە، پەرلەمانتارێکیش وەفاتی کردووە، بۆیە نزیکەی شەش بۆ حەوت حاڵەتی دەست لەکارکێشانەوە و مردن ھەبوون، واتە شتێکی ئاسایی و لەسەر داوای خۆیان دەستیان لە کارکێشاوەتەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact



