Hemn Baban
12 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2019
ھەولێر - AA
مەسرور بارزانی رایگەیاند کە ئاواتەخوازە ھەموو لایەنە پەیوەندارەکان ھاوکاریان بن بۆ ئەوەی ھەرچی زووتر پڕۆسەی پێکھێنانی کابینەی حکوومەت بە ئەنجام بگەیەنن.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی دوای راسپاردنی بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی-یەوە، راگەیەندراوێکی پەیوەست بە راسپاردنی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
پەیوەست بە ناوزەدکردن و ڕاسپاردنم بۆ سەرۆکایەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە پێوستی دەزانم، سوپاسگوزاریی خۆم ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و جەماوەری پارتی بکەم بۆ دەستنیشانکردنم وەک پاڵێوڕاوی پارتی بۆ ئەم پۆستە، ھەروەھا سوپاس و پێزانینم ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان، بە ھەموو فراکسیۆنەکانەوە دەکەم بۆ ناوزەدکردنم و سوپاسی بەرێز سەرۆکی ھەرێم دەکەم بۆ ڕاسپاردنم بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
سوپاس بۆ متمانەتان و ھەوڵ دەدەم بە ھاوکاریی ھەموو ئەو لایەنانەی بڕیاڕی بەشدارییان لە کابینەی نوێ داوە، لە وادەی دیاریکراودا پێکھاتەی کابینەی نۆیەم بخەمە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، تاکو ھەرچی زووتر بتوانین خزمەتێکی شایستەی گەل و نیشتمانمان دەست پێبکەین. ئاواتەخوازم ھەموو لایەنە پەیوەندارەکان ھاوکارمان بن بۆ ئەوەی ھەرچی زووتر ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنین.