Hemn Baban
16 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2019
ھەولێر- AA
راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینهی نۆیهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی رایگەیاند کە سبەی یان دووسبەی سەردانی سلێمانی دەکات و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە کابینەی حکوومەت دەکات.
مهسرور بارزانی دوای راسپاردنی لە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی-یەوە بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لە مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە لە پیرمام کۆبوویەوە.
کۆبوونەوەی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینهی نۆیهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی بە دەستپێک دادەنرێت بۆ تاوتوێکردنی پڕکردنەوەی پشکی ئەو لایەنانەی کە بەشداریی لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم دەکەن و کاندیدکردنی ئەو کەسانەی کە لایەنەکان بە شیاویان دەزانن بۆ پۆستەکان بەتایبەت بۆ پۆستی وەزیرەکان.
مەسرور بارزانی لە ١١ی ئەم مانگە بەدەنگی ٨٧ پەرلەمانتارناوزەد کرا بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم و دوای رۆژێکیش لە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ پێکھێنانی کابینەکە راسپێردرا کە ٣٠ رۆژی لەبەردەستتدا دەبێت لە رۆژی راسپاردنییەوە بۆ پێکھێنانی کابینەکە.
مهسرور بارزانی لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان لەگەڵ لایەنەکان کراوە و ئێستا چاوەڕوانی سی ڤی کاندیدەکان لە لایەنەکان دەکەین بۆ ئەوەی لەوادەی خۆیدا کابینەکە پێشکەش بە پەرلەمان بکەین".
راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینهی نۆیهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی سەبارەت بە چۆنێتی دیاریکردنی کاندید و وەزیرەکانی کابینەی داھاتوو گوتی: "ئەو لایەنانەی بەشدارن لە حکوومەت پێویستە ئەو کەسانە کاندید بکەن کە ئەو بنەمایانەیان تێدابێت کە ببنە وەزیر و ئێمەش کاندیدییان دەکەین".
مهسرور بارزانی گوتیشی: "ئێمە ھیوادارین و پێشوەختیش گوتوومانە کە پێش وادەی یاسایی کابینەکە پێشکەش بە پەرلەمان بکەین".
راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینهی نۆیهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی ھەروەھا رایگەیاند کە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوە بوو کە باس لە پشکەکانی پارتی بکەن لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم.
مهسرور بارزانی سەبارەت بە سەردانیکردنی پارێزگای سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە کابینەی نۆیەم گوتی: "لەم یەک دوو رۆژەی داھاتوو سەردانی سلێمانی دەکەین بۆ تاوتوێکردنی پشکی لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".