Hamit Hüseyin
15 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2019
ھەولێر - AA
ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق ماسیۆ تولێر و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.
بەپێی هەواڵێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا ستیڤ ڤاگن لە ھەرێم ئامادەی بوو، تولێر وێڕای پیرۆزباییکردن لە نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە، پاڵپشتیی ئەمەریکای بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق دووپاتکردەوە و پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئەمەریکای بەرز نرخاند، ھەروەھا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ھەنگاوەکانی باشتربوونی پەیوەندیيەکانی ھەولێر ـ بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی.
ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە تولێر کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کارەکانیدا، ھەموو ھاوکارییەکی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی کارەکانی نیشان دا، ھەروەھا سوپاسی ھاوکارییەکانی ئەمەریکای لە کاتە سەختەکاندا بۆ ھەرێمی کوردستان و لێکنزیککردنەوەی ھەولێر و بەغدا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ھەنگاوەکان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا بەردەوامییان ھەیە و جەختی لە ھاوکارییەکانی ھاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمەریکا لە بوارەکانی ڕیفۆرم لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.