Hamit Hüseyin
12 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەوڵەتی سعوودیە بۆ کاروباری کەنداو، سامر سەبهانی کرد کە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردبوو.
بە پێی ھەواڵێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا سەبهانی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کار و ئەرکی نوێیدا.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ھاتن و بەشداری سەبهانی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنیدا کرد و ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی نێوان ھەرێمی کوردستان و شانشینی سعوودیە کرد.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ھەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و سعوودییەیان لە بوارە جیاوازەکاندا بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی ھەردوو گەلی کوردستان و سعوودیەدا بێت، دووپات کردەوە.