Ozhin Jola
24 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2020
کەرکووک – AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە باڵەخانەی ئێڵ سی لە شەقامی کۆماری شاری کەرکووک کۆمەڵێک چالاکوان، سیاسەتمەدار، کەسایەتی و مامۆستای شارەکە دەستەی سەربەخۆی بەھەرێمکردنی پارێزگاکەیان راگەیاند.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا مامۆستا ھیوا حەسەن بەیاننامەی دەستەی بەھەرێمکردنی کەرکووک-ی خوێندنەوە و گوتی: "ئێمە وەک دەستەیەک لە رۆشنبیر، ئەکادیمی، رۆژنامەنووسان و پیاوانی ئایینی لەگەڵ دامەزراوەکانی کۆمەڵگای شارستانی و پیاو ماقوڵانی شارئ کەرکووک بەھەموو رەنگە جیاوازیەکانییەوە پێشنیازی بەھەرێمکردنی کەرکووک-تان پێ راگەیەنین".
ھیوا حەسەن گوتیشی: "ئێمەی کەرکووکی یەک چارەنووس و یەک رێگامان لەپێشە، ئەویش ھانمان دەدات بۆ ئەوەی پێکەوە خەمێک لە شارە خۆشەویستەکەمان بخۆین و خۆمان چارەنووسی شارەکەمان دیاری بکەین، مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە ھەموومان پێکەوە بەشداربووین لە ھەموو خۆشی و ناخۆشی شارە خۆشەویستەکەمان و بەدرێژایی دەسەڵاتەکانی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، ھەمیشە کەرکووک قوربانی یەکەمی دەستی دەسەڵات بووە و جگە لە تاڵانکردنی سامان و داھاتی ئەم شارە، ھەمیشە ویستویانە شەڕ و ناکۆکی بخەنە نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک ئەویش بەمەرامی ئەوەی بتوانن لەم رێگەیەوە، درێژە بەتاڵانکردنی خێروبێری ئەم شارە بدەن و خەڵکەکەی بێ بەش بکەن لە بەرووبومی شارەکەیان، ھەروەھا لەڕووی خزمەتگوزاری، ئاوادانی و پێشکەوتن لە ھەموو سێکتەرەکانی کارگێڕی بەدرێژایی ماوەی رابردوو لە خوار ھێڵی سفرەوە بووە".
لە بەیاننامەکەی دەستەی سەربەخۆی بەھەرێمکردنی کەرکووک-دا باس لە تایبەتمەندیەکانی کەرکووک کراوە و هاتووە "ئەوەی شانازییە کە سروشتی پارێزگاکەمان بەفرەڕەنگی، رۆشنبیری نەتەوەیی و ئایینی ناسراوە و ھەمیشەش بەدرێژایی مێژوو وەک یەک خێزان لەسەر ئەم خاکە ژیاوین کە بەھەموو ماناکانی جوانی نەخشێنراوە، بۆیە لێرەوە ھەنگاونان بەتایبەتمەندیەکانی ئەم شارە بۆ دابینکردن و پاراستنی مافی دانیشتوانەکەی و باڵاکردنیان و گەشانەوەی توانا گارگێڕیەکانیان و سەرچاوەی کەسێکان و توانا ماددییەکانیان و بەشداریپێکردن لە گەشەپێکردن و بەردەوامیان و ھەڵسانەوەی بواری پەروەردە و فێرکردن".
لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکەدا رایەگەیەنراوە "پابەندبوونمان بەماف و ئەرکەکانمان کە دەستووری عێراقی ھەمیشەیی سەلماندێتی و بۆسوودوەرگرتن لەو برگانەی، وەک مافی خۆمان پێشنیازی پێکھێنانی بەھەرێمکردنی کەرکووک-ی سەربەخۆ رادەگەیەنین و لە کۆتاییدا داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دەکەین کە رێکارە یاسایی و رێنمایە پەیڕەوکراوەکان بگرێتەبەر بۆ ئەنجامدانی راپرسی گشتیی لەکاتی گونجاودا".