Hawkar Yaseen
24 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر AA
وهزارهتی ناوخۆی ههرێمی كوردستان راگەیەنراوێکی نوێی تایبەت بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بڵاوکردەوە و گەشتکردنی بۆ هەشت وڵات لە هاووڵاتییان قەدەغە کرد.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا، ژمارەیەک بریار و رێکاری نوێی تایبەت بە خۆپارێزی لە نەوە نوێکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەرکردووە و رایگەیاندووە "گهشتکردنی هاووڵاتییانی عێراق لەڕێگای دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی (بهریتانیا، باشووری ئهفریقا، ئوسترالیا، دانمارك، هۆڵهندا، بهلجیكا، ئێران و ژاپۆن) قهدهغهیە و هاتنی كهسانی بیانی کە لەدوای ١٥ی کانوونی یەکەم لهو وڵاتانەبوون قەدەغەیە، جگه له ئاژانس، رێکخراوەکانی UN، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوپەیمانان، دیپلۆماتکاران و شاندە فەرمییەکان رێگەپێدراون بەپێی رێنمایی تەندروستی".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لەو وڵاتانەبوون و دەگەڕێنەوە، لەسەر ئەرکی خۆیان ١٤ رۆژ کەرەنتین دەکرێن لەو شوێنانەی کە وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو مەبەستە ئامادەی دەکات".
راشیانگەیاندووە "دهروازه سنوورییهكانی (حاجی ئۆمهران، باشماخ و پهروێزخان) به رووی گهشتیاران دادهخرێن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەپێی ئەو رێنماییانەی پێشتر بڕیاریان لێدراوە بەردەوام دەبێت".
وەزارەتی ناوخۆ هەموو کۆبوونەوە و کۆنفرانس و گردبوونەوەیەکیشی قەدەغەکردووە و بۆ بابەتەکانی تایبەت بە پرسە، شایی، داوەت، مارکێت، ریستۆرانت و بازاڕەکانیش هەمان بڕیار و رێنماییەکانی رابردووی دووبارەکردووەتەوە و وەک خۆیان ماون.
راشیانگەیاندووە "بڕیاری زۆرەملێی بەستنی ماسک لەناو ئوتومبیل و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان وەک خۆی ماوە و دەبێت هاووڵاتییان پێوەی پابەندبن، هەرکەسێکیش سەرپێچی بکات بەپێی ئەو بڕە پارەیەی کە پێشتر دیارییکرابوو سزادەدرێن".