Hawkar Yaseen
24 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر AA
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە یەکێک لە کۆگاکانی پاڵاوگەی کەورگۆسک لە قەزای خەبات، سێ کەس لە کارمەندانی پاڵاوگەکە گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بە سەختی برینداربووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، سەرکەوت کاڕەش لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "پیشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگرێک کەوتەوە لە پاڵاوگەی کەورگۆسک لە قەزای خەبات، ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و تیمەکانی بنکەی ئاگرکوژێنەوەی قەزای خەبات و کەورگۆسک لە شوێنی رووداوەکەن و ئێستا خەریکی ساردکردنەوەی ئەو خەزانانەن کە لە دەورووربەری شوێنی رووداوەکەن".
راشیگەیاند "بەداخەوە سێ کەس لە کارمەندانی پاڵاوگەکە گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بریندارە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام تا ئێستا زانیاریمان بەدەست نەگەیشتووە قوربانییەکان خەڵکی هەرێمی کوردستانن یان بیانین".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەربارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش گوتی: "دەچینە شوێنی رووداوەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەین هێشتا هیچ شتێک دیارنییە".