Zana Natık Kerem
06 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2019
نەینەوا ــ AA
هەریەك لە سوپا، پۆلیسی نەینەوا و حەشدی شەعبی لەسەر ئەوە رێككەوتن كە دۆسیەی ئەمنی دەشتی نەینەوا بەشێوەیەكی هاوبەش بەڕێوەبەرن.
هەریەك لە سەرۆك ئەركانی سوپا، عوسمان غانمی، فەرماندەی هێزی وشكانی سوپا، جومعە عناد جبوری، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، فالح فەیاز و جێگرەكەی ئەبو مەهدی موهەندس كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەو گرژییانەی كە لە دۆێنێیەوە لە دەشتی نەینەوا بەردەوامە تاوتوێكرا و دواتر لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی سوپا، پۆلیسی نەینەوا و حەشدی شەعبی رێككەوتن دۆسیەی ئەمنی دەشتی نەینەوا بەشێوەیەكی هاوبەش بەڕێوەبەرن، بەڵام بەو مەرجەی لەژێر فەرمانی سوپادا بێت.
گرژییەكانی دەشتی نەینەوا دوای ئەوە سەرهەڵدا كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی بڕیاریدا لیوای 30ی حەشدی شەعبی لە ناوچەكەدا بكشێنەوە و سوپا لە شوێنی لیواكە جێگیر بكرێت.
لای خۆیەوە راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، فالح فەیاز لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاماژەی بەوەداوە، كۆبوونەوەكە كە لەگەڵ حكوومەتی خۆجێی پارێزگای نەینەوا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ئەنجامدراوە، داواكاریی خۆپیشاندەرانی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا خراوەتە بەرباس.
دوێنێ بەهۆی بڕیارەكەی عادل عەبدولمەهدی، خۆپیشاندەرانی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، رێگەی نێوان مووسڵ و هەولێریان داخست.
فالح فەیاز هەروەها گوتوویەتی: "هەریەك لە لیوای 30ی حەشدی شەعبی، پۆلیسی نەینەوا و سوپا بە هاوبەشی دۆسیەی ئەمنی دەشتی نەینەوا لەژێر فەرمانی سوپادا بەڕێوەدەبەن".
لە سەرەتای مانگی رابردوودا سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندبوو كە بڕیاریداوە سەرجەم بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە شارو شارۆچكەكاندا دابخرێن.
لیوای 30ی حەشدی شەعبی، وەعد قدۆ فەرماندەیی دەكات و، ناوبراو لە نێو ئەو چوار كەسەدا كە لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە بە تۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ خراوەتە نێو لیستی سزاكانەوە.