عێراق

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا بۆ بەدواداچوون و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دانانی رێکارە دەستوورییەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.

Fahrettin İbrahim  | 07.08.2019 - نوێکردنەوە : 09.08.2019
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

Arbil

هەولێر - AA

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا بۆ بەدواداچوون و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دانانی رێکارە دەستوورییەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/8/7 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، سەرەتا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە ( ٧١ /٢٠١٩) لە ٢٠١٩/٧/٢٨ تایبەت بە راڤەکردنی ماددەی( ١٤٠ ) ی دەستوور کرد کە تێیدا بڕیاردرا بە زیندوومانەوەی ماددەی ئاماژەپێکراو.

لەو بارەیەوە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیران درا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوون و گقتوگۆکردن لە گەڵ بەغدا بۆ دانانی رێکارەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.

لە بەشیکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆ لە بارەی داڕشتنی میکانیزمێکی پێویست کرا بۆ جێبەجێکردنی بڕگەی هەشتەم لە بەشی چاکسازی لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە چاکسازی لە سیستەمی باج، بە جۆرێک دادپەروەری لە وەرگرتنی باج هەبێت، هەروەها گرتنەبەری هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج.

ئەنجوومەنی وەزیران لەم بارەیەوە جەختی لە سەر گرنگی باجدان کردەوە کە پێویستە هەموو ئەو لایەن و کەس و کۆمپانیایانەی قەرزداری حکوومەتن و ئەو باجانەی لەسەریانە بە شێوەیەکی یاسایی بدەن. هەروەها پێویستە باجەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە رێکبخرێنەوە بە شێوەیەک دادپەروەری لەباجداندا هەبێت و ئاستی بژێوی و داهاتی تاک لە بەرچاو بگیرێت. هەروەها رێگە بگیرێت لە خۆدزینەوە لە دانی باج و ئەو یاسایانەش هەموار بکرێنەوە کە لەوبارەیەوە رێگرن.

بە پێی ئەم هەواڵە، بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکهی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکردن بووە دەربارەی پێداچوونەوە بە لیستی ئەو کەسانەی بە ناوی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت تۆمارکراون و سوودمەندبوون لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی. لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکە بڕیاریدا هاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێداچوونەوە، بڕیاری گەڕاندنەوەی مووچەی زیاتر لە سێزدە هەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتی دا.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکەی راسپارد، کە پێشوازی گەرم و ئاسانکاری پێویست بۆ گەشتیاران بکەن کە بە بۆنەی جەژنەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.





بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın