Hemn Baban
26 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2016
فاروق ئەحمەد دەڵێت "لە دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ قەزای خورماتوو 160 حاڵەتی تیرۆركردن تۆماركراوە".
بەڕێوەبەری ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەزای خورماتوو، موقەدەم فاروق ئەحمەد محەمەد سەبارەت بە رەوشی قەزاكە و ئەگەرەكانی كۆبوونەوەی نێوان حەشدی شەعبی و سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی شارەكە كە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە گرژییەكی زۆری تێكەوتووە و زیاتر لە 100 كەس لە كوژراو و بریندار هەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەسەرەتای دانیشتنەكانەوە تا ئێستا هیچ گەرەنتییەك بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامانەی لەنێوان ئێمە و حەشدی شەعبی دەكرێت نییە، كۆمەڵێك هۆكاریش بۆ ئەوە هەن، لەوانە دانیشتنی لایەنی كوردی تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداری دەكات و بۆچوونی خۆیەتی، لەلایەك دەڵێن شەڕی ئێمە نییە و جەماوەر و خەڵك كردوویەتی، بە نموونە دكتۆر نەجمەدین كەریم دەڵێت 'ئەوانەی شەڕەكەیان كردووە گێرەشێوینن'، نەخێر بەو شێوەیە نییە، لە شەڕەكەدا دەبابە و هەمەڕ بەشداریی كردووە شەڕەی كردووە و هەرچی بارەگای كوردی هەیە تەقەی لێكراوە".
بە رەخنەگرتنیشەوە لە قسەكانی پارێزگاری كەركووك، موقەدەم فاروق ئەحمەد گوتی: "نابێت خۆڵ بەچاوی خەڵكدا بكەیت بەشێوەیەك واقیعەكە بگۆڕیت، واقیعە خەڵك دەیبینێت و لەناو شەڕەكەیە، ناتوانیت ئەو راستییە بشاریتەوە، بۆیە رێككەوتنەكانیش سەركەوتوونابن".
موقەدەم فاروق ئەحمەد محەمەد لە درێژەی قسەكانیشیدا سەبارەت بە چارەسەركردنی گرژییەكان گوتی: "دەبێت لەسەر ئاستی سەركردایەتی كورد بەگشتی نەك لایەنێكی دیاریكراو لەگەڵ سەركردایەتییەك لەسەر ئاستی بەغدا كە چارەسەری بەدەستەوە بێت و توانای كۆنتڕۆڵكردنی ئەو هێزانەی كە حەشدی شەعبیین و سەر بە چەندین حزب و مەرجەع و لایەنن هەبێت، چونكە هەندێكیان گوێ لەیەكتر ناگرن، رێككەوتنەكان بەو شێوەیەی ئێستا ناگەن بە هیچ ئەنجامێك و هیچ چارەسەرییەك نابێت".
گوتیشی: "دەكرێت هێزێك لە پۆلیس پێكبێت كە هەموو لایەك پێی رازی بێت، ئەو هێزی پۆلیسەی ئێستا كە پتر لە 700 پۆلیسن و فەوجێك لە بەغدا یان تكرێتەوە بێن و سەرپەرشتی شارەكە بكەن، بەمەرجێك بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەناو شار نەمێنن، جگە لە بارگا حزبییەكان كە چەند پاسەوانێكیان هەیە".
ئەو راشیگەیاند كە حەشدی شەعبی خەڵكی توركمانی شیعەی بەزۆرینە چەكدار كردووە و لە هەر کە كاتێك بیەوێت و گرژی هەبێت هەر كەسێك لە ماڵی خۆی چەك هەڵدەگرێت و دەچنە سەربانەكان و تەقە لە خەڵك دەكەن و خەڵك شەهید دەكەن.
بەڕێوەبەری ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەزای خورماتوو، باسی لەوەشكرد كە رەفتارەكانی حەشدی شەعبی جێی گومانن و ئەوەشی گوت كە" ئەوان ئامانجییان خراپە".
موقەدەم فاروق ئەحمەد روونیشیكردەوە: "هێزی پێشمەرگە لە زەرگەوە تا خانەقین و شەنگال و شوێنەكانی دیكە هەن و بۆ دژایەتی داعش لێرەن، هێزی پێشمەرگەمان بۆ شەڕی حەشدی شەعبی یان توركمان نییە، پێشمەرگە كاتێك لێرە بووە حەشدی شەعبی هەر لێ نەبووە و دروستیش نەبووە".
دەربارەی ژمارەی ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبی كە لەناو قەزای خورماتوو هەن، بەپێی زانیارییەكانی ئەو بەرپرسەی پارتی سەدان چەكدار دەبن، ئەو گوتی: "ئەوەی پێی دەڵێن حەشدی شەعبی شەش فەوجییان لە ناو قەزای خورماتوو هەیە و چەند لایەنێكن كە ژمارەیان لەنێوان هەزار و 500 بۆ دوو هەزار چەكدار دەبێت، ئەوەی هەن خەڵكی خورماتوو و دەورووبەرن، نە دۆستی كورد و نە هی عەرەب نە توركمانیش نیین، یەك توركمانی سوننە لەم شارە لەلایەن ئەوانەوە پارێزراو نییە، توركمانە سوننەكان ئێستا خۆیان داوەتە پاڵ كورد و لە گەڕەكە كوردنشینەكان دەژیین، چونكە لەوێ ژیانییان سەلامەتە، لەوەتی حەشدی شەعبی هاتوونەتە خورماتوو 160 كاری تیرۆركردن هەبووە كە ئەمە زۆر مەترسیدارە".