بەرپرسی بازنەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رەخنە لە سەركردایەتی كورد دەگرێت لەوەی بەهانای شارۆچكەكەوە نەچوون.
شەوی یەكشەممەی رابردوو بۆ شارۆچكەكە وەرچەرخانێكی مەترسیداری دووبارەبوونەوە بوو، لە پاش هێرشی گرووپێكی چەكداری شیعەكان بۆ سەر فەرماندەیەكی كورد ئیدی ئاگری شەڕ گڕتر بوو و لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو دەیان كەس بوون بە قوربانیی ئەو شەڕانە، پێشمەرگە، ئەندامانی حەشدی شەعبی، هاووڵاتیشیان تێدایە.
چەند رۆژێكە گوللـەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە قەزای خورماتوو تیژتر گیانی یەكتر دەبڕن و كەمتر لە گیانی چەكدارانی داعش سارد دەكرێنەوە، شارۆچكەكە ئێستا گۆڕەپانی شەڕی براكانە، ئەو برایانەی پێش چەند مانگێك لەمەوبەر لەنێو یەك بەرە و لوولەی تفەنگەكانیان ئاڕاستەی یەك دوژمن كردبوو ئەویش داعش بوو بەڵام ئێستا لوولەكان وەرچەرخێنراون و روو بەیەكتر پێشمەرگە و حەشدی شەعبی وەكو دوو دوژمن راوەستاون.
ئێرە لە قودس دەچێت دوو پێكهاتەی سەرەكی تێیدا دەژین كورد و توركمانە شیعەكان لە پاڵ ئەوانیشدا رێژەیەكی كەمتر لە عەرەبی سوننە لە شارەكە هەن، شار لە پاش هاتنی هێزەكان حەشدی شەعبی كە پێیان دەگوترێت "حەشدی توركمانی" كە بەشێكن لە هێزەكانی نێو حەشدی شیعە و زیاتر لە 8 گرووپ لەخۆ دەگرێت بەسەر بەشی كوردی و بەشی توركمانی دابەش بووە، لە ناوچە توركمانییەكان ماڵی كوردەكان دەسووتێنرێت لە ناوچەكانی كوردیش ماڵی توركمانەكان ئەگەر پارێزراویش بن بەڵام تەواو ئاسایش ناژین، هیچ نەبێت لەبەر ترسی تۆڵەسەندنەوە لە گەنجە سەرگەرمەكانی كورد.
"هیشام" گەنجێكی سەر ماش و برنجی خۆی وەكو رۆژنامەنووس ناساند كە ئێستا خۆبەخشانە چەكەكەی لە شانە و چەند شانەیەك فیشەكیش بەدەوبەری سكیدا دەبینرا، ئەو لایەنگری یەكێك لە حزبە كوردییەكانە، دەیگوت ئەو چەكەی لە شان كردووە بۆ بەرگریكردنە نەك بۆ هێرشكردن و دەشیگوت كە خورماتوو شارێكی كوردستانییە و مافی كەسی تری بەسەرەوە نییە.
هیشام عەبدولكەریم، جلوبەرگێكی كوردیی رەنگ رەشی لەبەر كردبوو، لە پاڵ چەند پێشمەرگەیەك كە جلوبەرگی تایبەتی سەربازییان لەبەر بوو ئەو جیاوازبوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی شەڕی زۆر قورس لە شارەكە رووی داوە و هێزەكانی پێشمەرگە و خۆبەخشانی خورماتوو لەسەرەتادا چەندین بارەگای حەشدی شەعبییان كۆنتڕۆڵ كردووە.
ناوبراو لەوبارەیەوە باسی لەوەش دەكرد كە دەیان حەشدی شەعبی لەو رووبەڕووبوونەوانەی چەند سەعاتی رابردوو كوژران و دەیگوت: "ئەوان بەنیازن پێشمەرگە لە سایلۆ دەربچێت و لە شارەكەش بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی كورد قەتڵ و عام بكەن، ئێمە هیچمان لەگەڵ توركمانەكان نییە و ژن و ژنخوازییمان لەنێواندایە و ئەوەی هەیە چەند وڵاتێكی دەوروبەر هانی ئەوان دەدەن بۆ شەڕی كورد بەڵام ئێمە شەڕی كورد و توركمان ناكەین، ئێمە بەدرێژایی مێژوو برا بووین ئەوانەی حەشدی توركمانی زۆرینەیان خەڵكی دەرەوەی شاری خورماتوون".
هاوشێوەی هیشام دەیان گەنجی چەكدار دەنگیان زۆر بەرز دەبیسترا كاتێك داوایان لە بەرپرسە كوردەكانی شارەكە و بەرپرسانی حزبیش دەكرد لێیان گەڕێن و ئەوان دەیانەوێت "شەڕی یەكلاكەرەوە" بكەن و هەرچییەك بەسەر زمانیاندا دەهات لە دژی بەشێك لە سەركردە حزبییەكان نەیاندەگێڕایەوە، ئەوەش وەكو زەقبوونەوەی هەستی تۆڵەسەندنەوە كە بەلای ئەوانەوە بەشێك لە بەرپرسانی كوردسازش بۆ حەشدی شەعبی دەكەن.
خورماتوو قەزایەكی سەر بە پارێزگای كەركوك بووە، بەعسییەكان ئەو كاتەی لەسەر دەسەڵات بوون بۆ سەر پارێزگای سەڵاحەدینییان گواستەوە، قەزاكە ناحیەكانی یەنگیجە، سلێمان بەگ، ئامرلی لەسەرە.
لێرە بیری نەتەوەپەرستی لە هەموو كۆڵانەكان، نێو ماڵەكان، لە تەواوی شار هەڵتۆقیوە، چەندین ساڵە لەسەر رەچەڵەك و نەتەوە دەیان كەس كراونەتە ئامانجی گرووپە چەكدارەكان، مێژووی رەگەزپەرستیی نوێ لەم شارە بۆ پاش رووخانی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە. سەرەتا رێكخراوە توندڕەوە ئیسلامییەكان لە چەشنی ئەلقاعیدە و ئێستاش داعش هاووڵاتییانی شیعە و كوردییان كردبووە ئامانج بە پلەی یەكەم، دواتریش لەگەڵ دروستبوونی گرووپە شیعەكان ئیدی گیانی عەرەبە سوننەكانی ئەو شارە پارێزراو نەما، هەرچی كوردیشە هەم لە رێكخراوەكانی چەشنی ئەلقاعیدە و داعش زەرەرمەند بووە و كراوەتە ئامانج، ئەمڕۆش لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی شیعەكانەوە.
پێش چەند مانگێك لەمەوبەر شیعەكان بۆ شكاندنی ئابڵوقەی چەكدارانی داعش بۆ سەر ناحیەی ئامرلی سەر بە خورماتوو چەندین گرووپی شیعەیان بۆ ناوچەكە رەوان كرد، دواتر ئەو تەوقە بە یارمەتیی پێشمەرگە شكێنرا بەڵام ئێستا بۆ یەكتر دوو هێزە هاوپەیمانەكە تەوق و قەناسەكانیان خستووەتە سەر بانەكان بەدژی یەکتر.
بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كەریم شوكور لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هێمای بۆ ئەوە كرد كە لە كۆبوونەوەكەی سێشەممە ئومێدی چارەسەریی كێشەكان هەبيَ، لەوبارەیەوە روونیكردەوە: "كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ هەموو ئومێدێكی لەسەرە و لەسەر ئاستی باڵا دەبێت بۆ چارەسەریی كێشەكانی نێوان ئێمە و حەشدی توركمانی، لەلای حەشدی شەعبییەوە هادی عامری سەرۆكایەتی شاندەكە دەكات و لە لای سەركردایەتی یەكێتی هەڤاڵان پارێزگاری كەركوك د.نەجمەدین كەریم و بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك ئاسۆ ئەڵمانی و كاك عەدنانی حەمەی مینا بەشدار دەبن".
ناوبراو هەروەها گوتیشی: "خۆزگە بمانتوانیبا حەشدی توركمانی لە خوورماتوو دەربكەین، ئێمە لەگەڵ حەشدی شەعبی كێشەمان نییە، بەڵكو حەشدی شەعبی لە شوێنی تریش هەن و نەبوون بە كێشە بەڵام كێشەی سەرەكییمان لەگەڵ حەشدی توركمانییە".
لە پاش رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 شیعەكان كە حوكمڕانی عێراقن داشی دامەیان فڕێ دایە گۆڕەپانەكە و باسیان لەوە دەكرد كە پێویستە خورماتوو بكرێت بە پارێزگا، ئەمەش بەلای كوردەوە كە قەزاكە بە بەشێك لە جوگرافیای هەرێمەكەی "كوردستانی عێراق" دەزانێت وا لێكدرایەوە هەوڵێكە بۆ دروستكردنی پارێزگایەكی زۆرینە شیعە هاوشێوەی ئەو پارێزگایەی بۆ تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا داوایان كردووە.
ئەو شەڕەی چەند رۆژی رابردوو لەو شارە ئاماژەی مەترسیدارتر لە كوژرانی دەیان كەس لە شەڕێكی نەخوازراو هەڵدەگرێت، ئەوەی راپۆرتە جیهانییەكان باسیان لێوە دەكرد كە كەركووك بەرمیلە باروتەكەیە و هەر كاتێك بێت دەتەقێتەوە و شەڕی ئەهلیی لەسەر دروست دەبێت ئێستا مەترسییەكانی ئایندە لە نەبوونی حكوومەتێكی ناوەندیی بەهێز و بێ لایەن، زاڵبوون و گەورەبوونی گرووپە چەكدارەكان لەسەر حسابی سوپای عێراق دوو هۆكاری سەرەكیی هۆشدارییەكانن لە ئایندەیەكی مەترسیدار لە خورماتوو.
بەرپرسەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناوچەكە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "گلەییم لە سەركردایەتی سیاسی كورد وسەركردرایەتی حزبەكان هەیە كە خەمسارد بوون بەرامبەر بەم شارە كە چەندین جار ئاگادارمان كردوونەتەوە کە بارودۆخەكە خراپە و دەبێت بە هانامانەوە بێن".
هەرچۆنێك بێت بارودۆخی شارەكە بەهۆی شەڕەوە ئاڵۆزە، لێرە لە ترسی قەناسەكان ئێمەش وەكو رۆژنامەنووس نەماندەتوانی لە هەموو شوێنێك ئازادبین لە جووڵەكردن، ئێستا خورماتوو بەچەندین هێزی جۆراوجۆر تەنراوە، دیمەنی شەڕی سەربانەكان و قەناس بەدەستەكان ژیانی خەڵكی هەراسان كردووە.
news_share_descriptionsubscription_contact

