Zana Natık Kerem
21 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2016
پارێزگاری كەركووك، نەجمەدین كەریم رایگەیاند، هێزەكانی ئەمنی بەتەواوەتی دۆخی شاری كەركووكیان كۆنترۆڵكردووەتەوە و ئاماژە بەوەش دەكات، تیرۆریستانی داعش لە هێرشەكانیان بەهیچ شێوەیەك نەیان توانیووە بچنە ناو هیچ باڵەخانەیەکی حكوومی و بارەگای ئەمنی.
پارێزگاری کەرکووک، نەجمەدین كەریم لە راگەیەندراوێكدا گوتوویەتی: "هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی دژە تیرۆر و هێزەكانی ئەمنی بەتەواوەتی دۆخی ئەمنی شاری كەركووكیان كۆنترۆڵكردووەتەوە".
لە راگەیەندراوەكەدا پارێزگاری كەركووك ئاماژەی بەوە كردووە "شانە نووستوەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێرشەكەی بەیانی ئەمڕۆی هەینی بۆ سەر چەند بارەگا و شوێنێکی ئەمنی لە شاری كەركووكیان ئەنجام داوە".
نەجمەدین كەریم لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا ئەوەی رەتكردووەتەوە كە تیرۆریستانی داعش لە هێرشەكەیاندا چووبێتنە ناو بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پێشوو پۆلیسی كەركووك لە ناوەڕاستی شارەكە یان هیچ باڵەخانەیەكی كەركووك و پشتڕاستی دەكاتەوە و دەڵێت "تیرۆریستانی داعش لە هێرشەكانیاندا نەیانتوانیووە بچنە ناو هیچ بارەگای ئەمنی و باڵەخانەیەکی حكوومی".
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش لەچەند لایەكەوە بەجیا هێرشیان كردە سەر ژمارەیەك باڵەخانەی حكوومی لە شاری كەركووك لەوانە، "بەڕێوەبەرایەتی پێشووی پۆلیس، بنكەی پۆلیسی عەدالە، بنكەی پۆلیسی دۆمیز، بارەگایەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وێستگەی كارەبای دووبز".
پێتریش شانەی راگەیاندنی جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق راگەیانراوێكی لەسەر دۆخی ئەمنی شاری كەركووك بڵاوكردەوە و رایگەیاند كە پێنج شوێنی ئەمنی لەلایەن هێزەكانی ئەمنییەوە كۆنترۆڵكرانەوە كە تیرۆریستانی داعش لە شاری كەركووك هێرشیان كردبووە سەریان.