Zana Natık Kerem
05 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2017
كەركووك ــ AA
ئەفسەر لە پۆلیسی عێراق، نەقیب حامد عوبێدی راگەیاند كە داعش ٢٠ كەسی لە ناحیەی زاب باشووری رۆژئاوای كەركووك دەستبەسەر كردووە كە لەنێویاندا ژمارەیەك ئافرەت و منداڵ هەیە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، حامد عوبێدی گوتی: "بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست هێزەكانی ئەمنی گەیشتووە، داعش ٢٠ كەسی لە گوندێكی سەربە ناحیەی زاب باشووری رۆژئاوای كەركووك دەستبەسەر كردووە كە هەوڵیاندابوو بەرەو ناوچەكانی باكووری پارێزگای سەڵاحەددین هەڵبێن".
حامد عوبێدی ئاماژەی بەوەش دا كە لەنێو دەستبەسەركراوەكاندا ژمارەیەك ئافرەت و منداڵ هەیە.
ئەفسەرەكە باسی لەوەش كرد كە داعش دەستبەركراوەكانی گواستووەتەوە بۆ بنكەیەك لە ناوەڕاستی ناحیەی زاب و هەروەها داعش دەستبەسەركراوەكانی بەوەش تۆمەتبار كردووە كە هەوڵیان داوە خاكی خەلافەت جێ بهێڵن و بەرەو ناوچەکانی كوفر بڕۆن.