Abdullah Shukur
04 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2017
لەندەن
دەیان ھەزار کەس ناڕەزایەتیان لە دژی داوەتکردنی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ بەریتانیا دەربڕی.
خۆپیشاندانی ناڕەزایی بە بەشداری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک ئەنجوومەنی مووسڵمانی بەریتانیا، دۆستانی ئەلئەقسا، ھاوپەیمانی شەڕ رابگرە، لە دژی رەگەزپەرستی بووستەوە لە دژی سەردانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە پێش باڵیۆزی ئەمریکا لە شاری لەندەن دەستپێکرد.
خۆپیشاندەران ئەمڕۆ بەیانی لە پێش بینایەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری لەندەن کۆبوونەوە و داوایان لە حکوومەت کرد کە داوەتکردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەریتانیا ھەڵبوەشێنێتەوە. بەم ھۆیەوەش ھوتافیان لە دژی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تێرێزا مەی گوتەوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، ٤٠ ھەزار کەس بەشداریان کردووە و تێدا پەیامی ڤیدیۆی سەرۆکی پارتی کرێکاری ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا جێرەمی کۆربین لە نێو خۆپیشاندەران بڵاوکرایەوە.
لە گرتەکەدا کۆربین پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاند و جەختیشی لەوە کردەوە کە ناڕەزایەتی لە دژی سیاسەتەکانی ترەمپ بەرامبەر موسڵمانان و ئافرەتان دەردەبڕن.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تێرێزا مەی لە سەردانێکیدا بۆ ئەمریکا داوەتنامەی شاژنی دووەم ئەلیزەبێتی بە ترەمپ سپارد و داوەتی وڵاتەکەی کردبوو.
رۆژی دووشەممەی رابڕدووش ھەزاران کەس بەشداریان لە خۆپیشاندنەکانی دژی ترەمپ لە شاری لەندەن کردبوو.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە ٢٧ی کانوونی دووەم بڕیاری قەدەغەی ھاتنی ھاووڵاتیانی حەوت وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکا بۆ ماوەیەکی کاتی دەرکردبوو.