سایتی ئینتەرنێتی رۆژنامەی (زە گاردیان)ی بەریتانی وتارێکی وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵوی بڵاوکردۆتەوە بەناوی (تورکەکان و ئەرمەنەکان دەبێ شوێن سەرۆکایەتی ئەردۆغان بکەون و ئازارە هاوبەشەکەشمان بنێژین) و تێیدا باس لە پەیوەندی چەند سەد ساڵەی نێوان تورک و ئەرمەنەکان دەکا.
داودئۆغڵو لە وتارەکەیدا باس لە کەمبوونەوەی هێزی عوسمانیەکان دەکات لە سەدەی ١٩ هەمدا و باس لەوەش دەکا کە ئەوکات ٥ ملیۆن هاوڵاتی عوسمانی لە باڵقان و قەوقاس و ئانادۆڵو دوورخرانەوە، لەهەمان کاتدا ناکرێ ئەوە بشاردرێتەوە کە ئەرمەنیەکان زۆر ئازاریان چەشتووە لەو سەردەمەدا، راگواستنی بەشێکی زۆری ئەرمەنهكان و ئەنجامەکانی شتێکی قبوڵنەکراو بووە و کارێکی دژی مرۆڤایەتیە.