Sangar Hamad Azeez
27 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2016
لە یاری چوونی چوارگۆشەی زێرینی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، شەوی رابردوو یانەی مانچستەر سیتی میوانداری ریال مەدرید کرد.
یانە شین پۆشەکانی مانچستەر کە یەکەم جارە لە مێژووی یانەکەیان بگەونە چوارگۆشەی زێڕین، هەوڵ دەدەن لە رێگەی یانەی ریال مەدرید کە خاوەنی زۆرترین نازناوە لەم پاڵەوانەتییە خۆیان بگەیەننە یاری کۆتایی.
لە تەواوی یارییەکە هەردوو یانە بە ترسەوە یارییان دەکرد و هەر ئەمەش وای کرد کە ئاستی یارییەکە بەرەو نزمی بڕوات.
هۆکارێکی دیکەی ئاست نزمی یارییەکە یاری نەکردنی یاریزان کرستیانۆ رۆناڵدۆ بوو کە بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی بەشداری بکات، ئەمە جگە لەوەی کە هەریەک لە کەریم بنزیما لە ریال مەدرید و دەیڤید سیلڤا لە مانچستەر سیتی بەهۆی پێکانەوە یاریگایان بەجێ هێشت.
هەردوو یانە چەندین هەلی ئاسانیان لەدەست دا و سەرەنجام ٩٠ خولەک یارییەکە بەبێ گۆڵ تێپەڕبوو تا فیکەی کۆتایی ناوبژیوان.
بەم ئەنجامەش هەلی هەردوو یانە بۆ سەرکەوتن بۆ یاری کۆتایی وەک یەکە و بڕیاری کۆتای لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە یانەی ریال مەدرید دەبێت لە یاری گەڕانەوە.