hemn husain
27 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2016
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە ناوچەی خورماتوو شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی درووست بوو بەم هۆیەوەش ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و چوار پێشمەرگەش شەهید بوون.
هەڵگیرسانی شەڕی مەزهەبی لەم ناوچەیە هەموو کوچە و کۆڵانێکی گرتووەتەوە و تا ئێستا چەندین هاووڵاتیی بوونەتە قوربانی شەڕی مەزهەبی و ئێستا لەم ناوچەیە رەوتێکی توندی رەگەزپەرستی دەگوزەرێت و تا ئێستاش هەموو کۆبوونەوەکان بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخی خورماتوو بێ سوود بووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامییەتی قەزای خورماتووش ئاماژە بەوە دەکات کە لە ناو برینداران و کوژراوانی حەشدی شەعبی خوراسانی ئێرانی و عەرەبی باشووری عێراق و تورکمانی شیعەشی تێدایە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامییەتی قەزای خورماتوو محەمەد فایەق لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەعات 11ـی شەوی رابردوو، هێزەکانی حەشدی شەعبی چەند گوللـە هاوەنێکییان ئاراستەی گوندە کوردنشینەکان کرد و یەکێک لە گوللـە هاوەنەکان بەر بەرمیلی نەوتی ماڵە کوردێک کەوت و بەو هۆیەوەش دوو منداڵ سووتاوون کە برینی یەکێکیان سەختە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی خورماتوو ئاماژەی بە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی ئەو شەڕەی چەند رۆژی رابردوو کرد و گوتی: "حەشدی شەعبی تا ئێستا 47 کوژراو و زیاتر لە 115 برینداریان هەیە و لە ناو کوژراوەکانیشدا خەڵکی خوراسانی ئێرانی و عەرەبی باشووری عێراق و تورکمانی شیعەش هەیە" .
محەمەد فایەق لەبارەی ئەوەی کە ئەم ئامارە هەتا چەند رەگەزە جیاوازەکانی تێدا دیاری کراوە، وەڵامی دایەوە گوتی:"بەوردی ئاماری کوژراو و بریندارەکان بەدیاریکردنی رەگەزەکانیانەوە لەلایەن ئەو سەرچاوەی کە هەمانە دیاریی نەکراوە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی خورماتوو رایدەگەیەنێت کە دوو کەتیبەی خوراسانی هەیە، یەکێکیان عێراقی و ئەوەی دیکەیان ئێرانییە کە ماوەیەکی زۆرە لەو ناوچەیە جێگیر کراون و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەوانەی کوژراون لە کەتیبەی ئێرانین ، دوو کەتیبەی خوراسانی هەیە، کەتیبەی خوراسانی ئێرانی و کەتیبەی خوراسانی عێراقی، ئەوانەی کوژراون لە کەتیبەی خوراسانی ئێرانین چونکە لەگەڵ هاتنی گرووپی تیرۆریستی داعش، کەتیبەکانی خوراسانی ئێران هاتن بۆ ئەم ناوچەیە و ئێستا لە هەموو عێراقدا بوونیان هەیە".
جێی ئاماژەیە رۆژی 24/4 شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی درووست بوو کە تێیدا چەند پێشمەرگەیەک شەهید و بریندار بوون و چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژران و دوای ئەوەش ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی هادی عامری گەیشتە خورماتوو، دواتر لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان عەدنانی حەمەی مینا، کۆبووەوە و بڕیاری راگرتنی شەڕەکەیان دا بەڵام دوای چەند سەعاتێک بەبێ گوێدانە بڕیارەکە، جارێکی دیکە شەڕ لە نێوان حەشدی شەعبی وهێزەکانی پێشمەرگە سەری هەڵدایەوە و ئەمڕۆش هادی عامری بۆ جاری دووەم گەیشتە قەزای خورماتوو، بڕیاریشە لەگەڵ بەرپرسانی کورد لەو ناوچەیە کۆ ببێتەوە.