.jamal sargaty
27 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2016
وەفدەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەسەرۆكایەتی رابەری گشتی ئەو حزبە عیرفان مەلاعەلی و ئەندامێتی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبە پێكهاتبوون، لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە هەریەك لە بەرپرسانی باڵای گۆڕان عومەری سەید عەلی و جەمالی حاجی عەلی، شۆڕش حاجی و چەند بەرپرسێكی دیکەی ئەو حزبەوە پێشوازی كران.
دوای كۆبوونەوەكە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان عیرفان مەلا عەلی گوتی: "ئەمڕۆ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانمان كرد و كۆبوونەوەیەكمان ئەنجام دا، تێیدا باسی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراقمان كرد و بیروڕامان گۆڕییەوە و جارێكی تریش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران كۆدەبینەوە".
ئەو گوتیشی: "لەپاش رووداوەكانی چەند مانگی رابردوو لە سلێمانی و قەڵادزێ و كەلار، ئێمە وەك بزووتنەوە یەكەم هێز بووین كارمان كرد كە ئەو دۆخە ناهەموارە فراوانتر نەبێت، بۆیە ئەمڕۆش سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانمان كرد بۆ ئەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە".
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەش كرد کە بڕیارە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی دیکەی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە تاوەكو بە هەمووانەوە كاربكەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەم دۆخە چەقبەستووە رزگار بكەن و گوتی: "ئەو شەڕەنەگریسەی داعش و شەڕی حەشدی شەعبی كە رووبەڕووی كورد بووەتەوە، پێویستە سەرجەم لایەنەكان یەك هەڵوێست بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە".
لەلای خۆیەوە گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، شۆڕش حاجی رایگەیاند "لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی هەلومەرجی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان و عێراقمان كرد و بیروڕامان ئاڵوگۆر كرد و خاڵی هاوبەش لە نێوانماندا هەبوو".
لەبارەی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان شۆڕش حاجی گوتی: "ئێمە هەر هەڵوێستی پێشووترمان هەیە و رامانگەیاندووە کە لەگەڵ دانیشتن و گفتوگۆداین بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و پێشمان وایە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت دابنیشین و گفتوگۆ بكەین".
ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، كامیل مەحموود بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "وەك لایەنێكی سیاسی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی كۆبووینەوە و لە كۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆمان كرد لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق ، هەروەها گفتووگۆمان كرد لەبارەی ئەو چەقبەستووییەی كە هەرێمی كوردستان تێیدایە و كاركردن بۆ دەرچوون لەو دۆخە، ئێمەش وەك بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان خاڵی هاوبەشمان هەبوو هاوڕا بووین بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان".
ئەو گوتیشی: "هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان باسی ئەوەمان كردووە كە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ یەك و لەسەر مێزی گفتوگۆ كاربكەن بۆ چارسەر كردنی ئەم قەیرانانە و، لای خۆشمانەوە كارمان كردووە بۆ ئەوەی هەردوو لایەن بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە و هەردوولا بەیەك بگەیەنینەوە".
كامیل مەحموود ئەوەشی گوت "بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكانی دیکەی هەرێمی كوردستان كۆببینەوە و بڕیارە یەك شەممەی داهاتوو لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ هەمان مەبەست كۆببینەوە".