Hamit Hüseyin
23 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2016
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەشار کیکی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە ئەوان وەک حکوومەتی خۆجێی شاری مووسڵ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەوردی لێکۆڵینەوەی دۆخی شاری مووسڵ، پێش رزگارکردن و دوای رزگارکردنیان کردووە.
سەبارەت بە گرنگی ئەو بابەتە، کیکی گوتی: "ئەوەی لەو کۆبوونەوەیە گرنگ بوو، چۆن ھەمووان سەبارەت بە پڕۆسەی رزگارکردنەوەی مووسڵ و پاش رزگارکردنەوەی شارەکە، بگەینە روانگەیەکی ھاوبەش و گشتگیر".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا وای بە پێویست زانی، کە بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، لایەنەکانی پەیوەندیدار بەو پرسە، بگەنە رێککەوتن و تێگەیشتنی ھاوبەش، چونکە ئەو پرسە نەک تەنھا پرسێکی سەربازییە بەڵکو پرسی سیاسی و ئابووری و مرۆییشە. ئەگینا ئەوە پڕۆسەی رزگارکردنی مووسڵ زۆر زەحمەت دەبێت و ئەو کات دوور نییە دووبارە خەڵکەکەی تووشی کارەسات و مەینەتی دەبێتەوە بۆیە ئەو داوای کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان، رووەکانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ رەچاو بکەن.
لەبارەی ئەگەری ئاوارەبوونی خێزانی دیکە لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: "ئەوەمان لەبەرچاو گرتووە کە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، نزیکەی نیو ملیۆن کەس ئاوارە دەبن و ھەروەھا ئامادەیی رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی مرۆیی بۆ ئەو ئاوارانە ساکارە بەڵام ئێمە پلانمان ھەیە کە پێویستی بە دابینکردنی پارە ھەیە و حکوومەتی ناوەندیش ئەو پارەیە دابین ناکات".
بەشار کیکی سەبارەت بە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی تکریت و فەللوجە لە مووسڵ گوتی: "ئێمە بەھەموو شێوەیەک رهتیدەکەینەوە ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ بەشداری بکەن بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ئێمە دژی شیعە بین و بەڵکو ئەوە تەنھا پەیوەستە بە ھەستیاریی بابەتی ئۆپەراسیۆنەکە چونکە لە کاتی بەشداریی حەشدی شەعبی لەو ئۆپەراسیۆنە، پڕۆسەی تۆڵەسەندنەوە لە مووسڵ روودەدات و ھەروەھا بیری رێکخراوی داعشیش بەھێز دەکاتەوە و تەنانەت ئێمە نامانەوێت ھێزی پەکەکە لە شنگال بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیر و نائارام دەکات، تەنانەت خەڵکی ئێمە دەیانەوێت بگەڕێنەوە دەڤەری شنگال بەڵام لەبەرئەوەی پەکەکە لەوێیە رێگرە لە گەڕانەوەی ئەو خەڵکە".
لەبارەی رۆڵی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ بەشار کیکی سەرەتا سوپاسی رۆڵی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد و گوتی: "رۆڵی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ وەک راوێژکاری سەربازیی دەبێت".
ھەروەھا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پێشنیازی ئەوە دەکات، لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی شاری مووسڵ، لەو کاتەی شارەکە گەمارۆ دەدرێت، دانیشتووانەکەی دژی تیرۆریستەکانی داعش راپەڕن و داعش لەو شارە دەربکەن.
لەبارەی بەشداریی رۆڵی سەربازیی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی مووسڵ ناوبراو پشتڕاستی کردەوە، ھێزی سەربازی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەکە بەشداری ناکات و تەنھا رۆڵی راوێژکاری سەربازیی دەبینن.
کیکی سوپاسی وڵاتی تورکیای کرد، لەوەی لە کاتی کەوتنی مووسڵ و دوای کەوتنەکەیش، ھاوکاری مرۆیی و ماددی پێشکەشی ئاوارەکانی مووسڵ کردووە و ئەمە سەرباری ئەوەی تورکیا وڵاتێکی دراوسێ و گرنگە بۆ عێراق و رێکخراوی داعش نەک تەنھا بۆ عێراق بەڵکو بۆ سەر تورکیاش مەترسی و ھەڕەشەیە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ھەوڵەکانی ئێستای حکوومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی مووسڵ جددییە یان نا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی: "دواخستنی ھەوڵەکان بۆ ئەو بابەتە، ئەوە دەگەیەنێت کە حکوومەتی عێراق جددی نەبووە بەڵام ھیوای خواست لە ئێستادا ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی مووسڵ جددی بێت".