Zana Natık Kerem
30 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2016
هەولێر ــ AA
لە میانی كۆنگرەی سەقامگیری ئاسایش و كۆمەڵایەتی و سیاسی پارێزگای نەینەوا لە دوای داعش کە بە ئامادەبوونی پارێزگاری نەینەوا نەوفەل حەمادی، سەرکردە و کەسایەتییەکان و هاووڵاتییانی پارێزگاکە لە شاری هەولێر بەرێوەچوو، دووبارە بەرپرسانی ئیداری و سەرۆكهۆزەكانی پارێزگاكە رایانگەیاند كە بەهەموو شێوەیەك بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا رەت دەكەنەوە و ئاماژەیان بەوەیش دا، جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و چەكدارانی هۆزەكان، پێویستیان بەهیچ هێزێكی دیكە نییە كە لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری بكەن.
سەبارەت بە بڕیاری بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەشار كیكی گوتی: "هیچ پێویست نییە، حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشدارییان پێ بكرێت چونكە زۆرینەی دانیشتوانی مووسڵ داوا دەكەن لە ئۆپەراسیۆنە زیاتر پشت بە خودی رۆڵەكانی شارەكە و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمنی عێراق ببەسترێت".
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو كیكی ئاماژەی بەوە كرد، هەر لە سەرەتاوە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ بووەتە بابەتێکی هەستیار و جێگەی مەترسی دانیشتوانی مووسڵ، لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی لە شوێنەكانی دیكە كە پێشتر كۆنترۆڵكراون كراونەتەوە كردەوەی زۆر نابەجێیان ئەنجام دوان.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەیش كرد، دۆخی ئەمنی شاری مووسڵ لە دوای داعش بە رێككەوتنی هەموو پێكهاتەكان و رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەسەرپەشتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەبرێت.
سەبارەت بە خواستی بەشداریكردنی هێزەكانی توركیا لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا، بەشار كیكی گوتی: "سوپاسی هەر لایەنێك دەكەین لەوانەیش توركیا كە هاوكاری و پشتیوانی ئێمەی كردووە و بەشداریكردنی هەر هێزێكی بیانی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا دەبێت بە هەماهەنگی پێیشوەخت بێت".
هەر سەبارەت بە بڕیاری بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسین سەعدون رایگەیاند، ئەو بڕیارە بۆ سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشت هێزە چەكدارەكانی عێراق دەگەڕێتەوە.
سەعدون بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشداریكردنی هەر هێزێك لە دەرەوەی هێزەكانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشت هێزە چەكدارەكان، حەیدەر عەبادی دەیدات بەڵام ئەو هێزانە كە لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری دەكەن، سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و دژە تیرۆر و پۆلیسی ناوخۆی نەینەوا و چەكدارانی هۆزەكانە".
پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت، بەشداریكردنی هەر لایەنێكی دیكە لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی مووسڵ، ئەگەر حەیدەر عەبادی بە باش و پێویستی دەزانێت ئەوە خۆی بڕیاری لەسەر دەدات.
لای خۆشیەوە سەرۆكهۆزی شەممەر، موحسین نایف فەیسەڵ جربا لەسەر بڕیاری بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا رایگەیاند: "رۆڵەكانی پارێزگای نەینەوا ئەوەندە بێ توانا نیین كە نەتوانن ناوچەكانیان كۆنترۆڵ بكەنەوە و جگە لە هێزەكانی سوپا و هێزەكانی پێشمەرگە، هیچ هێزێكی دیكە پێویست ناكات لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشدارییان پێ بكرێت".
جربا گوتی: "ئەگەر پێویستمان بوو داوا لە لایەنی دیكە دەكەین كە لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری بكەن بەڵام دووپاتی دەكەمەوە كە هێزەكانی سوپا و پێشمەرگە و چەكدارانی هۆزەكان دەتوانن ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەن".
سەرۆكهۆزەكە دەڵێت: "ئێمە ئەزموونی تاڵ و ناخۆشمان هەیە لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆیە نامانەوێت حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری بكەن".
بۆ بەشداریكردن هێزەكاتی توركیا كە ئێستا لە ناوچەی بەعشیقە لە سنووری پارێزگای نەینەوا جێگرین، ناوبراو گوتی: "ئەوە سەركردە سیاسییەكانن بڕیاری لەسەر دەدەن و توركیایش یەكێكە لەو وڵاتانە كە ئامادەیە لە هەموو بوارەكاندا هاوكاری و یارمەتی ئێمە بدات كە ئەمەیش بە درێژایی مێژوو روویداوە".
هاوكات سەرۆكهۆزی سادە ئەلبوحیات، راكان عەزیز ئەلحیانی دەرباری بڕیاری بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا دەڵێت: "ئەگەر حەشدی شەعبی حەشدێكی تایفییە ئەوە بەهەموو شێوەیەك بەشداریكردنیان لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا رەت دەكەینەوە بەتایبەتیش لە دوای ئەو پێشێلكارییانەی كە لە شارەكانی رومادی و فەللوجە و ئەلبوعەجیل ئەنجامیان داوە".
ئەلحیانی هەروەها گوتی: "ئێمە دەمانەوێت شاری مووسڵ چوون بووە هەروا بمێنێتەوە چونكە پارێزگایەكی عەرەبییە بەڵام هەموو پێكهاتەكان تێدە دەژین".
سەبارەت بە بەشداریكردنی هێزەكانی توركیا لە ئۆپەارسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا سەرۆكهۆزەكە گوتی: "شاری مووسڵ وەك شارەكانی رومادی و فەللوجە و تكریت، تەنها هێزەكانی عێراق كۆنترۆڵی دەكەنەوە و بۆیە لەو باوەڕەدانیم پێویست بكات هیچ هێزێكی دیکە لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری بكەن".
هاوكات گوتەبێژی ئەنجوومەنی هۆزەكان لە پارێزگای نەینەوا، مزحام ئەحمەد ئەلحوییت بڕیاری بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی مووسڵدا رەت كردەوە و رایگەیاند، سەرجەم هۆزەكان پاڵپشتی لە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەكەن كە بۆ بەشداری نەكردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدات دەركراوە.
ئەلحوییت دەڵێت: "ئەوان وەك هۆزەكان خاوەن هێزی چەكداری خۆیانن كە ئەوەیش چەكدارانی هۆزەكانە كە یەكێكە لەو هێزانەی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری دەكەن و هەروەها ئەو هێزانەی دیكەش كە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەشداری دەكەن، هێزەكانی پێشمەرگە، هێزەكانی ئەمنی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی هۆزەكانی نەینەوا دووپاتی دەكاتەوە كە بەهیچ شێوەیەك ئەوەیان قبوڵ نییە کە حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری بكەن.
سەبارەت بە پێشكەشكردنی پشتیوانی لۆجستی لەلایەن تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ ناوبراو گوتی: "بوونی هێزەكانی توركیا لە سەربازگەی بەعشیقە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییە و ئەوانیش وەك هێزەكانی دیكەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری دەكەن.
ئەحمەد ئەلحوییت ئاماژەی بەوەیش دا، توركیا رۆڵی گەورە دەبینێت لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا ئەگەر بەشداری بكات و بەلای هۆزەكانی نەینەوایش، هێزەكانی توركیا یەكێكە لە هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر رایگەیاند، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە هێزەكانی حشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری بكەن.
كەسایەتی سیاسی و هۆزەكانی سوننە بڕیاری بەشداریكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا رەت دەكەنەوە و دەڵێن، جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمنی عێراق و چەكدارانی هۆزەكان هیچ هێزێكی دیكە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا ناكات بەتایبەتیش حەشدی شەعبی.
لایەنە سوننەكان ئاماژە بەوەیش دەكەن، ئەگەر حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداری بكەن، دوور نییە سیناریۆی رووداوەكانی فەللوجە و رومادی و تكریت و دیالە لە مووسڵ دووبارە ببێتەوە كە خۆی لە سووتاندنی مزگەوت و خانوو و بەتاڵان بردنی ماڵ و كوشتنی هاووڵاتیان و بێ سەروشوێنكردنی هاووڵاتییانی سوننە دەبینێتەوە.
پێشتریش سەرۆكی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاندبوو، حەشدی شەعبی هێزێكی نا فەرمییە و نابێت لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵدا بەشداری بكەن.
شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا دووەم گەورە پارێزگای عێراقە و لە 10ی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014وە تا ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵكردنەوەی چەکدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشە و لە سەرەتای ئەمساڵیشدا سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند، لەمساڵدا لە ناو خاكی وڵاتەكەیان كۆتایی بە رێكخراوی داعش دەهێنن و شارو شارۆچكەكانیش كە داعش دەستی بەسەردا گرتوون بەتەواوەتی كۆنترۆڵیان دەكەنەوە بەتایبەتیش شاری مووسڵ.