Ramal Mahmood
29 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2016
هەولێر - AA
- سەرۆکی ئەنیستیتوی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری)، دلاوەر عەلائەددین: "ئەو هێزانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداری دەکەن، بانگەشەی ئەوە دەکەن ناوچەکە هی ئەوانە. هیچ یەک لەو گرووپانە لەژێر چەترێکی هاوبەشدا نین و لەشوێنێکی هاوبەشەوە رێنمایی وەرناگرن. خەڵکی مووسڵ نیگەرانن لەوەی دوای گرتنەوەی مووسڵ هێزە بەشداربووەکان لە ناوچەکان نەکشێنەوە و هەریەکە و لەناوچەیەک ئۆتۆنۆمی رابگەیەنێت".
- لێکۆڵەر لە ئەنیستیتوی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری)، دکتۆر دیلان ئۆدریسکۆل: "تاکو رێککەوتنێکی سیاسیی نەبێت، هەموو لایەنە چەکدارەکان بۆ دەسەڵات گرتنە دەست، تەنانەت دەستبەرداگرتنی خاک ئامادەی پێکدادان دەبن. بۆ پێشگرتن بە بەریەککەوتنی هێزە چەکدارییە دژبەیەکەکان، پێویستە رێککەوتنێک بکرێت و بەرنامەیەکی سیاسیی بخرێتە روو".
- پارێزگاری پێشووی مووسڵ و فەرماندەی حەشدی وەتەنی، ئەسیل نوجەیفی: "کۆنترۆڵکردنی مووسڵ لە دوای داعش لەلایەن هێزەکانی وەک حەشدی شەعبی هەروا ئاسان نییە".
رێکنەکەوتنی گرووپە چەکداری و هێزەکان کە بەشداری دەکەن لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شاری مووسڵ لەدەست داعش لەسەر ئاییندەی شارەکە، ترسی ئەوەی دروستکردووە کە لەداهاتوودا ببێتە هۆی پێکدادان لەنێوانیان.
ئامادەسازییەکان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی عێراق و تیمەکانی دژەتیرۆر سەربە ئەوان لەگەڵ حەشدی شەعبی (هێزە چەکدارەکانی شیعە)، حەشدی نیشتمانی (هێزە خۆبەخشەکانی سوننە)، چەکدارانی هۆزەکان و هێزەکانی پێشمەرگە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بکەن.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر ئاماژەی بەوە کرد کە بەگوێرەی ئەو نەخشە سەربازییەی ئامادەکراوە تەنها سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق لەناوەندی شاری مووسڵ دەمێننەوە و ئەوەشی نەشاردەوە کە نیگەرانن لەوەی کە ئەگەری هەیە چەکدارانی حەشدی شەعبی و چەکدارانی دیکەی هاوشێوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکە بەشداری بکەن لەداهاتوو کێشە لە ناوچەکە دروست بکەن.
سەرۆکی ئەنیستیتوی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری) لە هەولێر، دلاوەر عەلائەددین بۆپەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا، و را گةياند کە بەهۆی بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆر گرووپی چەکداری نیگەرانییەکی گشتیی لەلای خەڵکی مووسڵ دروستکردووە کە ناکرێت ئەو نیگەرانییە بشاردرێتەوە.
دلاوەر عەلائەدین لەبارەی مەترسی گرووپە چەکدارەکان لەسەر مووسڵی دوای داعش، گوتی: "ئەو هێزانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداری دەکەن، بانگەشەی ئەوە دەکەن ناوچەکە هی ئەوانە. هیچ یەک لەو گرووپانە لەژێر چەترێکی هاوبەشدا نین و لەشوێنێکی هاوبەشەوە رێنمایی وەرناگرن. خەڵکی مووسڵ نیگەرانن لەوەی دوای گرتنەوەی مووسڵ هێزە بەشداربووەکان لە ناوچەکان نەکشێنەوە و هەریەکە و لەناوچەیەک ئۆتۆنۆمی رابگەیەنێت. گەورەترین نیگەرانیش ئەوەیە ئەگەری ئەوە لە ئارادا کە گرووپەکانی وەک حەشدی شەعبی تووشی پێکدادان ببن".
دلاوە عەلائەددین بڕیاری فەرمی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵی بەبیرهێنایەوە کە داوایان کردبوو حەشدی شەعبی نەچێتە ناو مووسڵ و گوتی: "بەگشتی ئەوەی جێی باسە نەهاتنی ئەو هێزەیە بۆ ناو شارەکە و داوای ئەوە دەکەن لەدەرەوەی رەزامەندی ئەوان جموجۆڵ نەکەن".
عەلائەددین ئاماژەی بەوە دا کە کاتێک سەیری رێککەوتنەکان دەکەین دەبینین هەموو هێزە چەکدارەکانی ناوچەکە بەشداری ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەکەن. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی رەوش و هەستیاریی ناوچەکە دابەشکردنی ئەرکەکان دەبێتە جێی باس و گوتی: "هەموو زانیارییەکان لەبارەی بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنەکە تەنها قسە لەسەر ئەوە دەکرێت لە ناوچەکانی دەرەوەی ناوەندی شاری مووسڵ بەشداری بکەن".
پارێزگاری پێشووی مووسڵ و فەرماندەی حەشدی وەتەنی، ئەسیل نوجەیفی-ش ئاماژەی بەوە دا کە بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا ئاسایشی شارەکە دەخاتە مەترسی زیاترەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆنترۆڵکردنی مووسڵ لە دوای داعش لەلایەن هێزەکانی وەک حەشدی شەعبی هەروا ئاسان نییە. ئەگەری ئەوە نییە لەباکوور و رۆژهەڵاتەوە هێزە کوردییەکان، لەباشوورەوە حەشدی شەعبی و لەبەشی ناوەوە حەشدی وەتەنی بێ کێشە لەگەڵ یەک بن. نالۆجیکە تەواوی هێزە چەکدارە جۆراوجۆرەکان رەوانەی شارێکی ناسەقامگیر و نائارامی وەک مووسڵ بکرێن".
- پێویستی پلانی کار و رێککەوتنی سیاسیی لەبارەی داهاتووی مووسڵ
لێکۆڵەر لە ئەنیستیتوی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری) کە راپۆرتێکی بەناوی "داهاتووی مووسڵ دوای داعش" ئامادە کردووە، دکتۆر دیلان ئۆدریسکۆل هۆشداری ئەوەی دا کە بەدڵنیاییەوە بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لەئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵدا دەبێتە هۆی پێکدادانی مەزهەبی. بەپێویستیشیزانی رێز لە بڕیاری نوێنەرانی خەڵکی مووسڵ بگرن و گوتی: "بیر لە هاووڵاتییەک بکەنەوە کە لەژێردەستی داعش دەژی. کە لە تەلەڤیزیۆندا دەبینێت سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی دەڵێت حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، ئێوەش بەئاشکرایی هەست بەوە دەکەن کە رێز لەو بڕیارە ناگیرێت کە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ داویەتی. وەک چۆن ترسم هەیە لەبەشداریکردنی ئەو هێزە بەتەواویش دژی ئەو بەشداریکردنەم".
دکتۆر دیلان ئۆدریسکۆل ئاماژەی بەوە دا تاکو ئێستا بەرنامەیەک نەخراوەتەڕوو بۆ مووسڵی دوای داعش، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە مووسڵ بە فرەیی نەتەوەیی و ئایینی دەوڵەمەندە بۆیە بوونی هێزە دژبەیەکەکان لە شارەکە دەبێتە هۆی کێشەی گەورە. داواشی کرد رێگە نەدرێت ئەوەی لە فەللوجە رووی دا لە مووسڵ دووبارە نەبێتەوە و گوتی: "تاکو رێککەوتنێکی سیاسیی نەبێت، هەموو لایەنە چەکدارەکان بۆ دەسەڵات گرتنە دەست و تەنانەت دەستبەرداگرتنی خاک ئامادەی پێکدادان دەبن. بۆ پێشگرتن لە بەریەککەوتنی هێزە چەکدارییە دژبەیەکەکان، پێویستە رێککەوتنێک بکرێت و بەرنامەیەکی سیاسیی بخرێتە روو".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە کارنامەیەک دابنرێت بۆئاوەدانکردنەوەی شارەکە، گەشەپێدان، باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و پێشوازیکردن و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری لێشاوی کۆچکردن.