Heman Hussein Yaseen
03 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2023
هەولێر - AA
راوێژکاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خەیری بوزانی رایگەیاند کە هەندێک هێزی ناشەرعی لە سەرووی هەمووشیانەوە چەکدارانی پەکەکە کە لە لیستی تیرۆری جیهانیدان، بوونەتە رێگر لەبەردەم ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق واژوو کرا و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی گرووپە میلیشیاکان لە شنگال کە بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا حەوت گرووپی جیاوازی چەکدار لە شنگال ھەیە کە ژمارەیان بە ٢٠ ھەزار چەکدار دەخەمڵێندرێت و بوونەتە ھۆکاری ناسەقامگیریی بۆ ناوچەکە.
راوێژکاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، خەیری بوزانی لەبارەی هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێککەوتننامەی شنگال لە ساڵی ٢٠٢٠ لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق واژووکراوە، ئەم رێککەوتنە کۆمەڵێک خاڵی تیادایە، بەڵام بەداخەوە هیچکام لەو خاڵانە جێبەجێ نەکراوە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە کە ناوچەکە ناوچەیەکی سەربازییە و بۆ ئەوە ناشێت کە خێزانەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە شنگال، بەهۆی بوونی ئەو هێزە سەربازییانەش، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانن وەکو پێویست خزمەتگوزارییەکان بگەیەنن".
گوتیشی: "ئەو هێزە سەرەکییانەی کە لە ناوچەکەن، جگە لە پۆلیسی فیدراڵیی عێراقی، هەندێک هێزی ناشەرعی لەوێ هەن کە سەرەکیترینیان چەکدارانی پەکەکەن، هەموومان دەزانین کە پەکەکە لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهاندایە، جگە لەوەش هەندێک هێزی دیکەی عێراقیش هەن کە پێیاندەڵێن حەشدی شەعبی، هەرچەندە حەشدی شەعبی دەستەیەکی فەرمییە لە عێراق، بەڵام هەندێک گرووپ لەناو حەشدی شەعبی، بە فەرمانی سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کار ناکەن و فەرمانەکان جێبەجێ ناکەن، هەر گرووپێکی چەکداریش فەرمانەکانی سەرووی خۆی جێبەجێ نەکات، ئەوا بە میلیشیا ناو دەبرێت، بۆیە میلیشیا و رێکخراوی تیرۆریستی (پەکەکە) هۆکاری سەرەکی تێکدانی بارودۆخی شنگالن و بە هەبوونی ئەوان باوەڕناکەم ناوچەکە ئارام بێت و هیچ خاڵێکی رێککەوتننامەکەش جێبەجێ ناکرێت و شنگال ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، ئێمە دیراسەی دۆخەکەمان کردووە، گەیشتووینەتە ئەوەی کە تا ئەو هێزانە لەوێ بن ئەوا یاسا سەروەرنابێت و ناوچەکەش سەقامگیر نابێت".
بەگوتەی راوێژکاری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەوەی یوئێن چاودێری رێککەوتننامەکەی کردووە، پێویستیشە بەرپرسیاریەتی لەم بارەیەوە هەڵبگرێت و هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە سەدا ٩٥ی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق.
خەیری بوزانی گوتیشی: "رێککەوتننامەکە لەنێوان هەولێر و بەغدا بووە، بەڵام یوئێن وەکو لایەنی سێیەم سەرپەرشتی پڕۆسەکەی کردووە، هەروەها سەیری خاڵەکانی ئەو رێککەوتنامەیە بکەین، ئەوا دەبینین سەدا ٩٥ی جێبەجێکردنی خاڵەکان دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق، کەواتا دەبێت یەکەمجار جووڵە لە حکوومەتی عێراق دەست پێ بکات، ئینجا یوئێن کە چاودێر بووە لە رێکخستن و واژووکردنی گرێبەسەتەکە، بۆیە دەبێت ئەوان هەڵوێستیان هەبێت، بە پێچەوانەوە خەڵک ئەو دەسەڵاتەی نییە کە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات".