ئەنقەرە
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا یاڵچین ئاكدۆغان لەمیانەی بەشداری كردنی لە كۆبوونەوەی حزبەكەیدا قسەی لەسەر قۆناغی چارەسەریش كرد. ئاكدۆغان رایگەیاند "ئێمە ھەرگیز قبوڵی ئەوە ناكەین سیاسەت و چەك بەیەكەوە بێت، ئەمە ھەڵخەڵەتاندنە. ئەو شێوێنەی دیموكراسی لێبێ چەك جێگەی نابێتەوە، ئەو شوێنەی سیاسەتی لێ دەكرێ چەك جێگەی نابێتەوە. بۆیە پێویستە پەكەكە بە زووترین كات چەك دابنێ، لەو قۆناغشدا چەك دانان گرنگی زۆری دەبێ. لایەنێك ھەیە بەم دۆخە ناڕەحەتە، بیر لەوە دەكەنەوە كە بە چ رێگەیەك قۆناغی چارەسەری بشێوێنن، ھاوكات بە چەند شێوەیەك بیر دەكەنەوە یەكەم، ئەترسن كێشەی پەكەكە لە توركیا كۆتایی پێبێ، لە وڵاتی ئەوان دەست پێ بكات بۆیە بە دوای شێواندن و تێكدانی قۆناغەكەدا دەگەڕێن".
یاڵچین ئاكدۆغان لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەندیك وڵات وا بیر دەكەنەوە و دەڵێن لە ھاوكێشەكەدا پەكەكە نەمێنێ لەمەودوا كێ بە كار بھێنین. چونكە لە سووریا و عێراق ئەو ئامرازەمان ھەیە بەكاری بھێنین. دەیانەوێت لە ھاوكێشەكەدا پەكەكە بمێنێ. سێیەم، توركیا دەیەوێت كێشەی نێوخۆی چارەسەر بكا، ئەوە پڕۆژەیەكی نیشتمانییە. ھاوكات دەیەوێت بە پێی توانای خۆی كێشەكە چارەسەر بكات ئێمە لە دەرەوەی ھاوكێشەكەدا ماوین بۆیە دەبێ ئێمەش ببین بە بەشێك لەو چارەسەرە. ئەوان بەو جۆرە بیركردنەوانە دەیانەوێت ھانی قەندیل بدەن تاوەكو ببنە بەشێكی قۆناغەكە".