ئدلب
گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ناسراو بە سوپای فەتح كە بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری ئدلب دروست بووە، توانی ئەو شارە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكاتەوە.سوپای فەتح روونكردنەوەیەكیان بڵاوكردووە، تێدا ئاماژە بەوە دەكەن كە ماوەی پێنج رۆژە یەكەكانی سەر بەو ھێزە ھێرش دەكەنە سەر رژێمی سووریا لە شاری ئدلب و سەرئەنجام توانیویانە تەواو شارەكە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
فەرماندەیەكی سوپای فەتح ئوسامە ئەبو ئیبراھیم بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، یەكەكانی یەكگرتووی ئۆپۆزسیۆن ماوەی پێنج رۆژە بە چەكی قورس ھێرش دەكەن سەر ھێزەكانی رژێمی سووریا لە شاری ئدلب و دواجار توانیویانە بە تەواوی شارەكە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە. ھاوكات ھێزەكانی رژێمی سووریا بەرەو شاری مەستومە كە دەكەوێتە باشووری سووریا رایانكردووە و ھاووڵاتیانی سڤیلیشیان بەرەو شوێنە ئارامەكان گواستووەتەوە.
ئوسامە ئەبو ئیبراھیم ئاماژەی بەوەش كرد كە ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی سوپای رژێمی سووریایان كوژراون و ژمارەیەكیشیان بە دیل گرتووە. راشیگەیاند 40 سەربازیان دەستگیر كردووە كە دوای شكانی ھێزەكانیان جلەكانیان گۆڕیوە و تێكەڵی ناو خەڵك بوونەتەوە.
ھاوكات ئەبو رەشقە گوتی: "پەنا بەخوا شارەكەمان بە تەواوی كۆنتڕۆڵ كرد و بەرەو شارەكانی باشوور بەڕێوەین، ئەسەد وردە وردە بەرەو تۆ ھەنگاو دەنێین".
سوپای فەتح گوندی ئەل فاویشیان گەماڕۆ داوە كە پشتگیری لە رژێمی سووریا و بەشار ئەسەد دەكەن.
بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی شاری ئدلب ھێزەكانی ئەحراروشام، بەرەی نووسڕە، سەربازەكانی ئەقسا، سوپای سوونی، فەیلەقو شام، لیوای حەق یەكگرتوویی خۆیان راگەیاندبوو.