Hemin Hüseyin
16 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2016
هەولێر
هەرێمی کوردستان جگە لە گەلی کورد کە زۆرینەی رەها پێکدەهێنیت هەروەها کۆمەڵێک پێکهاتەی دیکەی وەک تورکمان، ئاشووری و کلدان، ئەرمەن و مەسیحییەکانی تێدایە، ئەم پێکهاتەنەش بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشدارن لە پرۆسەی سیاسیدا. پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی کۆنی هەیە و پێکهاتەی تورکمانیش داوا دەکەن کە بەشێوەیەکی کاریگەرتر لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسییدا بەشدارییان پێبکرێت.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعرووف رایگەیاند لەماوەی رابردوودا داوایان کردووە پۆستێکیی سەروەرییان پێبدرێت بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو داواکارییە بە مافێکی سروشتی خۆیان دەزانن و داوا دەکات کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم پشتگری لەو داواکارییەیان بکەن.
ئایدن مەعرووف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تورکمانەکان لە هەرێمی کوردستان پێکهاتەیەکی سەرەکین، ئێمە لێرە لەگەڵ برایانی کورد بەیەکەوە دەژین، دەبێت تورکمانەکانیش بەشداری لە بڕیاری گرنگ و بڕیاری سیاسییدا بکەن چونکە ئەوە بۆ پێکەوە ژیانمان زۆر گرنگە و ئێمە بە گشتی وەکو پێکهاتەی تورکمان و بەتایبەتی وەکو بەرەی تورکمانی داوا لە بەرپرسانی کورد دەکەین کە دەبێت لە سەرۆکایەتی هەرێم یان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پۆستێک بدرێت بە تورکمانەکان کە گوزارشت لە پێکهاتەی تورکمان بکات چونکە ئەمە مافێکی سروشتی خۆمانە و داوا لە لایەنە سیاسییەکانیش دەکەین کە پشتگیری لەو داواکارییەمان بکەن".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "ئێمە پێشووتریش داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردبوو کە ئەگەر ئێمە وەک بەشێکی گرنگ دەبینن ئەوا دەبێت پشتگیری لە داواکەی ئێمە بکەن، دەبێت تورکمانەکان بەشداری بڕیارە سیاسییەکان و پرسە گرنگەکان بکەن چونکە ئەم هەنگاوە بۆ پڕۆسەی دیموکراسی گرنگە، هەروەها بۆ تورکمانەکان دەبێتە پشتگیرییەکی گەورە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامێکی ئەرێنییمان وەرنەگرتووە، بێگومان دەبێت وەڵامی داواکارییەکەمان بدرێتەوە ئەمەش بۆ پەیوەندی نێوان کورد و تورکمان گرنگە".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، پێی وایە کە حکوومەتی عێراق حکوومەتێکی مەزهەبییە و هەر هەنگاوێک لەبەرژەوەندی مەزهەبێکی دیاریکراو نەبێت ئەوا ئەو هەنگاوە ناچێتە پێشەوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت حکوومەتی عێراق بەرژەوەندی گشتی خەڵک لەبەرچاو بگرێت و لەمبارەیەوە ئایدن مەعرووف گوتی: "حکوومەتی عێراق حکوومەتێکی مەزهەبییە ئەو هەنگاوەی لە بەرژەوەندی مەزهەبێکی دیاریکراو نەبێت، ئەوا دژایەتی دەکرێت و ئەم سیاسەتی مەزهەبی و تائفی سیاسەتێکی هەڵەیە و دەبێت حکوومەت بەرژەوەندی خەڵک لەبەر چاو بگرێت و ببێتە حکوومەتێکی نیشمانیی".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان پشتگیری پارتەکەی بۆ بەهەرێمبوونی پارێزگای نەینەوا دووپاتکردەوە و رایگەیاند "ئێمە پشتگری لە بە هەرێمبوونی پارێزگای نەینەوا دەکەین چونکە لەو پارێزگایە، دوای نەتەوەی عەرەب، تورکمان پێکهاتەیەکی سەرەکییە و ئەو پارێزگایە نزیکەی 500 هەزار تورکمانی تێدایە کە تاوەکو ئێستا بێبەش بوون لە مافەکانیان وستەمیان لێ دەکرێت، بۆیە ئەگەر لە نەینەوا پڕۆسەیەکی وا هەبێت ئەوا ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان پشتگیری لێ دەکەین و رۆڵمان دەبێت لە بە هەرێمبوونی پارێزگای نەینەوا".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "لەپارێزگای نەینەوا و ناوچەکانی وەکو تەلەعفەر و بەگشتی ئەو ناوچانەی کە تورکمانەکانی لێ دەژین، هەر ئۆپەراسیۆنێک هەبێت ئەوا بێگومان دەبێت تورکمانەکان بەشداربن و ئێمە دژی ئەوەین کە حەشدی شەعبی بەشداری گرتنەوەی مووسڵ بکات، لەبەر ئەوەی ئێمە دەترسین کە شەرێکی تائفی و مەزهەبی رووبدات، دەبێت خەڵکی ئەو هەرێمە بەشداربێت و هێزی بنەڕەتی بێت و نابێت حەشدی شەعبی بەشداری هەر چەشنە ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوە بکەن".
سەبارەت بەو ناوچانەی کە بەشێکی زۆر تورکمانی تێدا دەژیت، سەرۆکی فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "لە ناوچەی تەلەعفەر تورکمانی شیعە و سوننە هەیە کە یەکتر دەناسن و مێژوویەکی کۆنییان لەگەڵ یەکتردا هەیە، بۆیە ئەگەر حەشدی شەعبی بەشدار بێت ئەوا شەڕێکی مەزهەبی دورست دەبێت، بۆیە دەبێت لەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەندا سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە و حەشدی نیشتمانیی بەشداری بکەن".