Heman Hussein Yaseen
01 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2021
هەولێر - AA
درەنگانی شەوی رابردوو، تیرۆریستانی داعش لە سنووری پردێ ھێرشێکیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و بەمھۆیەوە رووبەڕووبوونەوە دروست بوو.
دوای شەڕەکەش وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا لەبارەی ھێرشی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری بەرزاییەکانی دووبز بڵاویکردووەتەوە: ''ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتوندی بەرپەچی ھێرشەکەی تیرۆریستانی داعشی داوەتەوە و تێکیشکاندوون''.
بە پێی زانیارییەکان هێرشەکە لە گوندی قایەباشی لە نێوان شارۆچکەی پردێ و دووبز سنووری کارگێری پارێزگای کەرکووک رووی داوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە، لەکاتی راوەدونانیان ژمارەیەکی زۆریان کوژراون و لاشەکانیان جێماون، بەداخەوەش شەھید و بریندار لەڕیزی ھێزی پێشمەرگەدا ھەن''.
ھاوکات دژە تیرۆری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەکدارانی تیرۆریستیی داعش لە بەرزاییەکانی نزیک گوندی پڕکان لە سنووری میحوەری پێنجی ھێزەکانی پێشمەرگە، ھێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی لیوای ١٠ی ھێزی پێشمەرگە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە ھێزەکانی پێشمەرگە لێیان ھاتنە دەست و توانییان ھێرشی تیرۆریستان تێکبشکێنن و لە ئێستادا بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەدایە.
بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان لە ئەنجامی ئەم ھێرشە سێ پێشمەرگە شەھیدبوون و ژمارەیەک برینداریش ھەن.