جيهان

"لە میانی ئەم مانگەدا ١٠٠ مەدەنی لە ئەفغانستان کوژراون"

- ئامارێک: "لە سەرەتای ئەم مانگەوە ١٠٠ مەدەنی بە ھۆی تەقینەوە و شەڕ و پێکدادانی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکانی ئەفغانستان، کوژراون".

Zana Natık Kerem  | 15.07.2019 - نوێکردنەوە : 16.07.2019
"لە میانی ئەم مانگەدا ١٠٠ مەدەنی لە ئەفغانستان کوژراون"

Ankara

کابول ــ AA

لە ئامارێکدا کە کۆپییەکی دەستی ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە بڵاوکراوەتەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ١٠٠ مەدەنی بە ھۆی تەقینەوە و شەڕ و پێکدادانی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و گرووپە چەکدارەکانی ئەفغانستان، کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

لە ئامارەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە زۆربەی مەدەنییەکان لە ئاکامی تەقینەوە و پەلامارەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان، ھەروەھا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی بزووتنەوەکە و ھێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی ئەفغانستان بە تایبەتیش لە شاری کابول بوونەتە قوربانی.

لە ئامارەکەدا ھاتووە "ژمارەیەک لەو مەدەنییانە لە ئەنجامی ھێرشی ئاسمانی ھێزەکانی حکوومەتی ئەفغانستان بۆسەر پێگەکانی گرووپە چەکدارەکان، بوونەتە قوربانی".

پێشتر لە مانگی نیسانی رابردوودا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان لە ئامارێکدا بڵاویکردبوویەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ٣١ی مانگی ئاداری رابردوو، ٥١٨ مەدەنی کە ١٥٠یان منداڵان بە ھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ھێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان و گرووپە چەکدارەکان، کوژراون و ھەزارو ١٩٢ی دیکەش کە ٤٣٢یان منداڵان برینداربوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا بەرپرسانی ئەمریکا و نوێنەرانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە دۆحە پایتەختی قەتەر، زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان سازکرد کە تیایاندا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان گفتوگۆیان کرد، بەڵام وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن تا ئێستا ھیچ پێشڤەچوونێک لە دانوستانەکاندا بەدی نەھاتووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن