Hemin Hüseyin
17 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2017
هەولێر-AA
دوای راگەیاندنی پڕۆژەکەی وەزارەتی پێشمەرگە کە ٣٥ خاڵ لە خۆدەگرێت و تایبەتە بە سەرلە نوێ رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و بۆ ئەم مەبەستەش چەند وڵاتێک لێکۆڵینەوەی خۆیان لەمبارەیەوە کردووە و پڕۆژەکانیان پێشکەشی هەرێمی کوردستان کردووە و لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە رەزامەندی لەسەر دراوە.
سەبارەت بە خاڵەکانی ناو پڕۆژەکە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بیرۆکەی ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١٥ دەستی پێکرد کە راوێژکارانی ئەمریکا داوایان کرد لێکۆڵینەوەیەک لەسەر وەزارەتی پێـشمەرگە ئامادە بکەن و دواتر ژمارەیەک خاڵ پێشنیاز بکەن بۆ چۆنیەتی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، دوای ئەوە ئەڵمانیا و بەریتانیا داوایان کرد ئەوانیش لێکۆڵینەوەی خۆیان بکەن و دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ دوو پڕۆژەیان ئامادە کرد و ئێمەش بە هەمان شێوە بۆ ئەمساڵ ١٦ خاڵمان ئامادە کرد وەکو بەرنامەی کار بۆ ساڵی ٢٠١٧ و لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای وەزارەت پەسەند کرا کە ئێستا ئەو ١٦ خاڵە بەشێکە لەو پڕۆژەیەی وەزارەتی پێشمەرگە، دوای ئەوە پەسەند کرا و بڕیار درا لێژنەیەک دروست بێت لە راوێژکارانی هەرسێ وڵاتی ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا کە بێن پڕۆژەکان یەکبخەن و ئەوەبوو هەرسێ پڕۆژە و پڕۆژەکەی وەزارەتیش لێکدرا و بوو بە ٣٥ خاڵ".
جەبار یاوەر گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٠ لەسەر بڕیاری سەرۆک تاڵەبانی و سەرۆک بارزانی وەزارەتەکانی پێشمەرگە لە هەولێر و سلێمانی تێکەڵ کرانەوە و بوون بە یەک وەزارەت و ئەو کات بەشێک لە هێزەکان یەکخران بەڵام بە هۆی هەلومەرجی سیاسیی نەتوانرا هەوڵەکان بەردەوام بێت".
سەبارەت بە یەکگرتنەوەی هەردوو لیوای ٧٠ و ٨٠ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر گوتی: "یەکێک لە خاڵەکانی ئەو پڕۆژەیە یەکخستنی لیواکانی ٧٠ و ٨٠یە کە هەر لیوایەک نزیکەی ٦٠ هەزار پێشمەرگە و ئەفسەر لەخۆ دەگرێت".
جگە لە هێزەکانی پێشمەرگە، ژمارەیەک هێزی دیکە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان هەیە و بە پێی قسەکانی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، دوای جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە، ئەوا نابێت هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بمێنێت و ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیاش چاودێری پڕۆژەکە دەکەن و سەبارەت بەم بابەتەش، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر گوتی: "بە پێی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٠ نەدەبوو هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت و دواتر لە ساڵی ٢٠١٣دا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی دەرکرد کە تیایدا بڕیاری دا نابێت هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت و دواتر پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ژمارە ١٩ی دەرکرد کە ٢١ خاڵی لە خۆگرتبوو، وەزارەتی پێشمەرگەی ناچار کرد لە ماوەی ٦ مانگدا هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نەمینێت بەڵام بە راستی لەبەر هەلومەرجی تایبەتی لە رووی سیاسیی و ئابوورییەوە ئەم بڕیارانە جێبەجێ نەکران، ئێستاش ئەم پڕۆژەیە کە جێبەجێکرا نابێت هیچ هێزێک سەربە هیچ کەسێک یان نەتەوەیەک یان مەزهەبێک یان ئایینێک یان حزبێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت و دەبێت هەموویان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە بیروباوەڕی نیشتمانیی گۆشبکرێن و هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیش بەڵێنی ئەوەیان داوە چاودێری پڕۆژەکە دەکەن و هاوکاریمان دەکەن".
فەریق جەبار یاوەر گوتیشی: "لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکی چاکسازی دروست دەکرێت و ئەو سێ وڵاتە دەبنە چاودێر بۆ ئەوەی هیچ بوارێک بۆ هیچ هێزێک نەمێنێتەوە".
سەبارەت بە رۆڵی وڵاتان لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بە تایبەت لە شەڕی دژبە داعش، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر گوتی: "ئەمریکا تا ئیستا دوو لیوای هێزەکانی پێشمەرگەی پڕچەک کردووە بە هەموو جۆرە چەکێک، جگە لەوەش یارمەتییەکی زۆری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی داوە، ئەڵمانیاش بە هەمان شیوە جۆرەها چەکی ناردووە بۆ هەرێمی کوردستان و لە نێویاندا چەکی میلان کە بە باشترین جۆری چەک دادەنرێت، هەروەها بەریتانیاش چەکی دۆشکەی ناردووە و هەمووشیان لە ئاسمانەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکەن".
فەریق جەبار یاوەر گوتیشی: "یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ناو پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی باڵی ئاسمانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کە پێویستە بۆ گواستنەوەی هێزی پێشمەرگە و برینداران و ناردنی پشتگیری لۆجستیکی و لەو چوارچێوەیەش پیویستمان بە کۆپتەر هەیە، چونکە ئەم پڕۆسەیە ناکرێت لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان جیابکرێتەوە و ئەگەر بمانەوێت دەوڵەتێکی سەربەخۆمان هەبێت و پیویستیمان بە هێزێکی یەکگرتووی بەهێز هەیە".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆ ئەنجامدانی پرسی ریفراندۆم پێویستە هێزەکان یەکبخرێن و ئەمەش فۆڕمێکی دیکە دەدات بە پڕۆژەکە و گوتی: "بۆ مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و دەبێت هێزێکی یەکگرتوومان هەبێت لە هەرێمی کوردستان، چونکە ناکرێت ئێمە بەرەو بە دەوڵەتبوون بڕۆین و هێزی پێشمەرگەمان سەربە کیانی سیاسیی و نەتەوەیی و حزبی بن، بۆیە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە شێوازێکی دیکە دەبەخشێتە پڕۆژەی ریفراندۆم".