Mazın Asad
16 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2017
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
ئەردۆغان لە میانی گوتەیەکیدا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە رایگەیاند: "پاڵپشتی کردنی یەکتر دژ بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە بەتایبەت داعش، گرنگییەکی زۆری ھەیە. سوورین لەسەر ئەوەی کە دەبێت بەبێ جیاکاری رووبەڕووی رێکخراوە تیرۆریستییەکان ببینەوە کە ھەڕەشەن بۆ سەر داھاتووی ھاوبەشمان".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "نابێت رێگە بدەین بەوانەی بە بیانووی چالاکی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، ھەوڵی گۆڕینی پێکھاتەی نەژادی و بیروباوەڕی دەدەن".
ئەردۆغان لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی: "لە ئایندەی ناوچەکەماندا شوێنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان نییە. بەتایبەتی بەھەند وەرگرتنی رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە/پەیەدە جا لەلایەن ھەر وڵاتێکەوە بێت، لەوبارەیەوە بێگومان رێککەوتن لەسەر ئاستی جیھانی گونجاو نییە".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند: "بە روونی چاوەڕوانییەکانی خۆمان دەگەیەنمە بەرێز سەرۆک ترەمپ لەبارەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆی ئەنجامدەری ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز".
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە گۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "گەلی تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا رووبەڕووی چەندین ھێرشی تیرۆریستی ترسناک بووەوە. ئێمە پرسەنامە و پشتیوانیمان بۆ خانەوادەی قوربانیانی ئەم ھێرشانە و گەلی تورکیا دەنێرین. پشتیوانی لە تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە و داعش دەکەین و متمانە دەدەین لەبارەی نەھێشتنی شوێنێکی ئارام بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان".
ترەمپ گوتیشی: "دەمانەوێت پەیوەندی بازرگانی و ئابووریمان لەگەڵ تورکیا بەھێز بکەین. ئەمانە کاتێکە کە سەرلەنوێ پەیوەندیەکانمان لەسەر بەرژەوەندی ھەردوو وڵات بنیات بنێینەوە".
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: "بەجۆشێکی زۆرەوە چاوەڕێی کاری پێکەوەیی دەکەم لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان، بۆ بنیاتنانی داھاتوویەک کە تەواویی مرۆڤەکانمان بە شکۆمەندانە بژین و رووبەڕووی ھەڕەشە ھاوبەشەکان ببینەوە و ئاشتی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستەبەر بکەین".
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: "بە ستایشەوە پێشوازی لە ھەوڵەکانی رێبەرایەتی تورکیا بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژییە دڕندەییەکانی سووریا دەکەین. شەڕی ناوخۆی سووریا گشت جیھانی شۆک کردووە. بۆ بینی ئەمە تاکە شتێک کە پێویستە بیکەین ئەوەیە، سەیری لاپەرەی یەکەمی رۆژنامەکانی ئەمڕۆ بکەین. پشتیوانی لە ھەموو ھەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی سووریا و دەستەبەرکردنی دەرفەتێک بۆ چارەسەری ئاشتی دەکەین".